پەرلەمانتارێکی عێراق: ماددەی هۆشبەر گەیشتووەتە نێو خوێندکارانی ناوەندی و ئامادەیی و زانکۆکانی عێراق
2024-11-25 21:40:24 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ماددەی هۆشبەر گەیشتووەتە نێو خوێندکارانی ناوەندی و ئامادەیی و زانکۆکانی عێراق و بە شێوەیەکی مەترسیدار بڵاوبووەتەوە، کە خراپی بارودۆخی ئەمنی هۆکارێکی سەرەکی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەرە. عەدنان جحێشی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ماددەی هۆشبەر بەڵایەکی مەترسیدارەو هاتووەتە نێو ماڵەکانمان بە بێ ڕوخسەت، ماددەی هۆشبەر لە نێو خوێندکاران دا زۆر بە مەترسیداری بڵاوبووەتەوە." دەشڵێت،"لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، دەستگیراوە بەسەر چوار تۆن ماددەی هۆشبەرو 15 تۆن ماددەی کارتێکەری عەقڵیدا، ئامارەکان زۆر مەترسیدارن." بەپێی وتەی بەرپرسانی ئاسایشی هەرێم، لە ماوەی هەشت مانگی سەرەتای ساڵی 2024، 816 تۆمەتباری ماددەی هۆشبەر لە ناوچەکانی سلێمانی و دەوروبەری دەستگیرکراون، کە 435 کەسیان بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرو ئەوانیتر بازرگان بوون. ڕۆژی 22 ی مانگی 11 ی 2024، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند،"تەحەدیات زۆرن و هێشتا تیرۆر تەحەدایەکی گەورەیە، بەڵام بەلای منەوە تەحەدای ئێستا لەهەمووی گەورەترە، کە بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەرەو لەهەموو شت مەترسیدارترە." هەروەها وتیشی،"بەداخەوە! لە زۆر لا دەسەڵاتداران بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دادەپۆشن و کارخانە بۆ دروستکردنی ئەم ماددانە دادەنرێت، ئازادانە بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکرێت، ئەمە مەترسی گەورەو کوشتنی نەتەوەیە." بەپێی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ماوەی مانگەکانی 3 و 4 ی ساڵی 2024 دا، سێ هەزار فرۆشیارو بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە عێراق دەستگیرکراون، لەلایەن دادگاکانی عێراقیشەوە سزای لەسێدارەدان و سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی بۆ 1500 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەرکراوە. ئەو جۆرانەی ماددەی هۆشبەر کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوەو بازرگانییان پێوەدەکرێت، زیاتر ماددەکانی تلیاک، حەشیش، هیرۆیین، کریستاڵ و دەرمانی بێهۆشکەرن، سەرچاوەی هاوردەکردنیشیان بە زۆری وڵاتی ئێرانە. بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمنی، عێراق و هەرێمی کوردستان بوون بە ڕێڕەوی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە ئێران و پاکستان و وڵاتانی ترەوە بەرەو ئەوروپا، عێراق و هەرێم وەکو ترانزێت بەکاردەهێنرێن. عەدنان جحێشی دەڵێت،"هۆکار زۆرە بۆ بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بە تایبەت دۆخی ئەمنی عێراق خراپە، سنورەکان واڵاو کراوەن." خراپی دۆخی ئەمنی، کراوەیی سنورەکانی عێراق، هەڵکشانی ڕێژەی بێکاری و ناهۆشیاری رێژەیەکی زۆری گەنجان بە هۆکارە سەرەکییەکانی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دادەنرێن، ئەمە جگە لەوەی پەنجەی تۆمەتیش بۆ هەندێک لە دەسەڵاتداران درێژ دەکرێت و تۆمەتباردەکرێن بە بازرگانیکردن پێوەی. بەبڕوای شارەزایانی بواری ئەمنی، گەر بەر بە بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر نەگیرێت و دۆخەکە کۆنترۆڵ نەکرێت، یپێدەچێت بازرگانەکانی ماددەی هۆشبەر ببنە گروپ و بارودۆخی ئەمنی و سەقامگیری کۆمەڵایەتیش بخەنە مەترسییەوە. ڕۆژی 14 ی مانگی شەشی ئەمساڵ، کاتێک هێزێکی ئەمنی هەوڵی دەستگیرکردنی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان لەناو شاری سلێمانی دا، ڕووبەڕوو بوونەوە لە نێوانیاندا ڕوویداوەو کارمەندێکی ئاسایش و بازرگانەکەش برینداربوون، کە دەوترێت 50 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری پێبووە. عەقید عەلی جەمال، پلەداری باڵای پۆلیس و شارەزای بواری ماددەی هۆشبەر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لەهەندێک ناوچەی خوارووی عێراق باندی ماددەی هۆشبەر دروست بوون و ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە، گەر دۆخەکە کۆنترۆڵ نەکرێت مەترسی ئەوەش هەیە ئەو باندانە لەهەموو ناوچەیەک دروست ببن و دۆخی ئەمنی تێکبدەن." لە کۆتایی مانگی 4 ی 2024، دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە گوندی ئاوباری نزیک قەزای دەربەندیخان دەستیان بەسەر کارگەیەکی ماددەی هۆشبەردا گرت، بەپێی وتەی بەرپرسانی ئاسایشی هەرێم کارگەی بەرهەمهێنانی کریستاڵ بووە.