ئیسڕائیل سزای کۆنترین ڕۆژنامە دەدات لەسەر ڕەخنەکانی لە حکومەت
2024-11-26 16:35:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
کابینەکەی حکومەتی ئیسڕائیل بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریاندا بە بایکۆتکردنی کۆنترین ڕۆژنامەی وڵاتەکە، هارێتز، ئەوەش لەسەر چۆنێتی ڕووماڵیکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس و لێدوانەکانی سەرنوسەری ڕۆژنامەکە کە تێیدا داوای سەپاندنی سزای کرد بەسەر بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئیسڕائیلدا. ئۆفیسی وەزیری ڕاگەیاندنی ئیسڕائیل شلۆمۆ کارهی وتی پێشنیارەکەی دژی ڕۆژنامەی هارێتز بە زۆرینەی دەنگ لەلایەن وەزیرەکانی دیکەوە پەسەند کراوە. وتی " ڕێگە بە واقیعێک نادەین کە تێیدا سەرنوسەری ڕۆژنامەیەکی فەڕمی لە وڵاتی ئیسڕائیلدا داوای سەپاندنی سزا بکات بەسەر ئیسڕائیلدا و پشتیوانی لە دوژمنانی وڵات بکات لە نێوەندی جەنگێکدا و لە هەمان کاتیشدا لە ڕووی داراییەوە پشتیوانی لێبکرێت." وتیشی " هانی ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربڕین دەدەین، بەڵام هانی ئازادی حکومەتیش دەدەین بۆ ئەوەی بڕیار بدات کە لە ڕووی داراییەوە پشتیوانی کاری وروژێنەرانە نەکات دژی دەوڵەتی ئیسڕائیل." ڕۆژنامەکە کە ناوبانگێکی زۆری هەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ڕەخنەی لە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو و حکومەتە هاوبەشەکەی ئێستای کردووە. ڕۆژنامەکە لە هەمان کاتدا ڕووماڵی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسی کردووە و لێکۆڵینەوەی لەو پێشێلکارییانە کردووە کە گوایە لەلایەن سوپای ئیسڕائیلەوە ئەنجام دراون. هارێتز وتی نەتانیاهو دەیەوێت " دیموکراسی وڵاتەکە لە ناوببات." وتیشی " هاوشێوەی هاوڕێکانی، پوتن و ئەردۆغان و ئوربان، نەتانیاهو هەوڵ دەدات ڕۆژنامەیەکی هەستیار و سەربەخۆ بێدەنگ بدات. هارێتز ناگۆڕێت بۆ نامیلکەیەکی حکومەت کە تەنها ئەو پەیامانە بڵاوبکاتەوە کە لەلایەن حکومەت و سەرکردەیەکەوە پەسەند دەکرێن." ئۆفیسی وەزیری ڕاگەیاندنی ئیسڕائیل بۆ پاساو هێنانەوە بۆ بایکۆتەکەی حکومەت لە دژی هارێتز، ئاماژەی بە لێدوانەکانی سەرنوسەری ڕۆژنامەکە ئامۆس شۆکین دا لە ماوەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە مانگی ڕابردوو لەلایەن ڕۆژنامەکەوە لە لەندەن ڕێکخرابوو. خێزانی شۆکین خاوەنی ڕۆژنامەکەن، شۆکین لە وتارەکەیدا لە کۆنفرانسەکەدا داوای سەپاندنی سزای نێودەوڵەتی کرد بەسەر سەرکردەکانی ئیسڕائیلدا. هەروەها حکومەتی ئیسڕائیلی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " سەپاندنی ڕژێمێکی ڕەگەزپەرستی بەسەر دانیشتوانی فەلەستینیدا." هەروەها وتی حکومەتی ئیسڕائیل " شەڕ لەگەڵ چەکدارانی ئازادی فەلەستینیدا دەکات " کە ئیسڕائیل بە تیرۆریستییان ناودەبات. دوابەدوای فشارەکان، شۆکین ڕوونکردنەوەیەکیدا و وتی مەبەستی لە حەماس نەبووە بەڵکو مەبەستی لەو فەلەستینییانە بووە کە لە کەناری ڕۆژئاوای " داگیرکراو " دەژین. حکومەتی ئیسڕائیل ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە لەسەر تۆمارەکەی لە ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ماوەی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا، کە کوشندەترین تۆمار بووە بۆ ڕۆژنامەنووسان، ئەمەش بەپێی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان یاخود CPJ. کۆمیتەکە دەڵێت تاوەکو ڕۆژی دووشەممە، لانیکەم 137 ڕۆژنامەنووس و کارمەندی ڕاگەیاندنەکان لە جەنگەکەدا کوژراون، بە 129 فەلەستینی و دوو ئیسڕائیلی و شەش لوبنانیشەوە. لەسەروو ئەوەشەوە، ئیسڕائیل لە مانگی نۆدا ئۆفیسی کەناڵی ئەلجەزیرەی لە کەناری ڕۆژئاوا داخست و لە مانگی پێنجیشدا ئۆفیسی ئەو کەناڵەی لە ئیسڕائیل داخست. بەرپرسان دەڵێن داخستنی کەناڵی ئەل جەزیرە پێویست بووە چونکە کەناڵەکە مەترسی بووە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکە. هەفتەی ڕابردوو یاسادانەرانی ئیسڕائیل ماوەی یاسایەکییان درێژکردەوە بۆ شەش مانگی دیکە، کە تێیدا هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندنی بیانی قەدەغە دەکات کە لەلایەن دەزگاکانی ئاسایشی ئیسڕائیلەوە وەکو مەترسیەک بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکە سەیر بکرێن. ئان بۆکاندی بەڕێوبەر لە ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور هەفتەی ڕابردوو وتی " حکومەتەکەی نەتانیاهو بە ئاشکرا سەربەخۆیی و فرەیی ڕۆژنامەگەری لە ئیسڕائیل دەکاتە ئامانج." وتیشی " ئازادی ڕۆژنامەگەری لە وڵاتێکدا، کە خۆی بە تەنها دیموکرات دادەنێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەکەوێتە مەترسییەوە." سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا