هەواڵی کوردستان ئێستا

لە بەیاننامەکەی کۆمەڵەی حەوتدا باس لە مۆڵەتەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیرکردنی نەتانیاهو ناکرێت

لە بەیاننامەکەی کۆمەڵەی حەوتدا باس لە مۆڵەتەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیرکردنی نەتانیاهو ناکرێت
لە بەیاننامەکەی کۆمەڵەی حەوتدا باس لە مۆڵەتەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیرکردنی نەتانیاهو ناکرێت

2024-11-26 20:50:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت لە بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا بڕیاریانداوە خۆیان بە دووربگرن لە باسکردنی مۆڵەتەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیرکردنی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو، ئەمەش سەرەڕای هەوڵەکانی ئیتاڵیای میواندار بۆ دۆزینەوەی هەڵوێستێکی هاوبەش لەو بارەیەوە. ئیتاڵیا کە لە ئێستادا سەرۆکایەتی کۆمەڵەی حەوت دەکات، ڕۆژی دووشەممە وتی ویستوویەتی لە ماوەی کۆبوونەوە دوو ڕۆژەکەی کۆمەڵەی حەوتدا لە ئیتاڵیا هەڵوێستێکی هاوبەش سەبارەت بە مۆڵەتەکەی دادگای تاوانی جیهان بۆ دەستگیرکردنی نەتانیاهو دروست بکات. بڕیارە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکە ڕابگەیەندرێت، دەقی بەیاننامەکەش لەلایەن ڕۆیتەرزەوە بیندراوە و ڕاستەوخۆ ناوی دادگای تاوانی جیهان و بڕیارەکانی نەهێناوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " لە جێبەجێکردنی مافی خۆیدا بۆ بەرگریکردن لە خۆی، ئیسڕائیل دەبێت بە تەواوەتی پابەند بێت بە بەرپرسیارێتییەکانییەوە لە ژێر یاسای نێودەوڵەتیدا لە هەموو هەلومەرجێکدا، بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیشەوە." وتیشی " جەخت لە پابەندبوونی خۆمان دەکەینەوە بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و پابەندی بەرپرسیارێتییەکانی خۆشمان دەبین." جەختیشی لەوە کردەوە کە " ناکرێت دەوڵەتی ئیسڕائیل بە گروپی تیرۆریستی حەماس هاوتا بکرێت." هەفتەی ڕابردوودا دادگای تاوانی نێودەوڵەتی مۆڵەتی دەستگیرکردنی بۆ نەتانیاهو و وەزیری بەرگری پێشووی ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت و سەرکردەی حەماس ئیبراهیم ئەل مەسڕی دەرکرد، ئەوەش بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی لە جەنگەکەی ناو غەززەدا. بڕیارەکە لەلایەن ئەمەریکاوە ڕەخنەی لێگیرا، بەڵام وڵاتانی دیکەی وەکو بەڕیتانیا و ئیتاڵیا بە دوورییان نەزانیوە نەتانیاهو دەستگیر بکەن ئەگەر نەتانیاهو سەردانی وڵاتەکانییان بکات. لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و نزیکەی 1200 کەسییان کوشت و زیاتر لە 250 کەسی دیکەیان بە بارمتە گرت. ئەو هێرشەش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا و بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن زیاتر لە 44,000 فەلەستینی کوژراون. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز