هەواڵی کوردستان ئێستا

پەرلەمانی کوردستان پێچەوانەی یاسا دانیشتنی یەکەمی بە کراوەیی هێشتەوە و نەیتوانی دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت

پەرلەمانی کوردستان پێچەوانەی یاسا دانیشتنی یەکەمی بە کراوەیی هێشتەوە و نەیتوانی دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت
پەرلەمانی کوردستان پێچەوانەی یاسا دانیشتنی یەکەمی بە کراوەیی هێشتەوە و نەیتوانی دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت

2024-12-02 17:55:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


ڕۆژی دووشەممە 2ی مانگی دوانزەی 2024، یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی 97 ئەندامی سەرکەوتووی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو و دوای ئەوەی ئەندامان سوێندی یاساییان خوارد، دەرگای خۆپاڵەوتن بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی کرایەوە، بەڵام بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان نەتوانرا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت و دانیشتنەکە بەکراوەیی هێڵرایەوە، بەوتەی ڕاوێژکارێکی پەرلەمانیش،" بەکراوەی هێشتنەوەی دانیشتن ناپەیڕەوی و نایاساییە." بەپێی یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ماددەی 47 دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت و محەمەد سلێمان پەرلەمانتاری نەوەی نوێیش بەو پێیەی بەتەمەنترین بوو، سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی کرد. دواتربەپێی ماددەی 48 دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرایەوە کە بریتی بوو لە سەرۆک و جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان و بۆ ئەو مەبەستەش 16 پەرلەمانتاری لایەنەکان خۆیان بەربرژێرکرد و یەکێتی و پارتی بۆ هەریەکێکیان دوو کاندیدیان هەبوو، بەڵام ڕێکنەکەوتن و تەواو نەکردنی نیسابی یاسایی پەنجا زاید یەک وایکرد دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێ. مستەفا عەبدوڵا، ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی بە دەنگی ئەمەریکای، ڕاگەیاند،" ئێمە دوای ئەوەی سوێندی یاسایمان خوارد، بڕیارماندا دەنگ بە دەستەی سەرۆکایەتی نەدەین، چونکە هەستمان کرد لەگەڵ حکومەتدا کردوویانەتە یەک پاکیج." ئەو ئەندامەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، وتیشی،" خۆیی لەڕاستیدا وایە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ حکومەت نەکرێتە یەک پاکێج، کەچی کرابوو بە یەک پاکێج ئێمەش ئۆپۆزسیۆنین، بۆیە بڕیارماندا دەنگ بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نەدەین و بێینە دەرەوە." ڕۆژی 20ی مانگی دەی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەڵبژاردنەکەی بەڕێوەبرد و دواتر بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان هەڵبژاردنەکەیان بە پڕ لە" ساختەکاری" ناوبرد و دەرئەنجامەکانیان ڕەتکردەوە و وتیان،" ناچینە پەرلەمانێک کە دیزاین کراوبێت." کۆمەڵی دادگەری کوردستان بۆ ئەم خولەی پەرلەمان خاوەنی 3 کورسی پەرلەمانیە، یەکێکە لەو لایەنانەیە وتی،" ناچینە ناو پەرلەمانێکەوە کە دیزاینکراو بێت." بەو پێیە کۆمەڵی دادگەریی پێی وایە کە" ساختەکاری" لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمدا کراوە و ئەو دەنگانەی بۆیان گەڕاوەتەوە دەنگی ڕاستی ئەوان نیە، کەچی لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا یەکێک لە کاندیدە سەرکەوتووەکانیان بەشداری لە دانیشتنەکەدا کرد و سوێندی یاسای خوارد، ئەوەش وایکرد کۆمەڵی دادگەری ڕاگەیەندراوێکی بەپەلە بڵاوبکاتەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،" کۆمەڵی دادگەریی لەبەر تەزویر و دیزاینی دەنگ و کورسی بۆ چەند لایەنێک، بۆیە بەشدار نابێت و نەبینە بەشێک لەو پەرلەمانە دیزاینکراوە." و ڕاشیدەگەیەنێت کە بڕیاری بەشداری نەکردنیان لە پەرلەماندا داوە. هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،"هەر کاندیدێکی لیستی کۆمەڵ پابەند نەبێ ئەوا لە ڕیزەکانی کۆمەڵ دەردەکرێت، هەربۆیە ئەمڕۆ بەهۆی بەشداریکردنی هێرۆ عەتار لە کۆبوونەوەی پەرلەمانە دیزاینکراوەکەی کردووە و بڕیارماندا بە دەرکردنی ناوبراو لە ڕیزەکانی کۆمەڵی دادگەریی." بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمەریکا، بەشێک لەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی کوردستان بەنیازن لە دادگای باڵای دەستوری فیدراڵ تانە لە دانیشتنی بەکراوەی هێشتنەوەی پەرلەمانی کوردستان بدەن، چونکە بە بڕیاری ژمارە 55 دادگای باڵای فیدراڵی دەتوانێت دانیشتنی بە کراوەی پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و پەرلەمان ناچاربکات لەماوەی 24 کاتژمێردا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت. مەجید ساڵح، ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی شەممە 30 مانگی یانزەی 2024، ئەوەی بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند،" بە کراوەی هێشتنەوەی یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان نایاساییە و لەگەڵ یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا ناگونجێت." باسی لەوەشکردبوو،" پێویستە لەدانیشتنی یەکەمدا کە 24 کاتژمێرە، پەرلەمان ئەو ئەرکانەی کە لەسەرێتی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و ئەو ڕێکارانەی کە پێویستە بکرێت جێبەجێی بکات، بەڵام لەعێراقیشدا ئەوە نەتوانراوە بکرێت." ڕەوتی هەڵویست کە بە لیستێک بەشداری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد و خاوەنی 4 کورسی پەرلەمانیە، لەیەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەماندا ئەندامە سەرکەوتووەکانی دوای ئەوەی سوێندنی یاساییان خوارد وەک پەرلەمانتار، لەکاتی کردنەوەی دەرگای هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هەر چوار پەرلەمانتارەکەیان هۆڵی کۆبوونەوەیان بەجێهێشت. عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند،" بەداخەوە ئەوەی ڕوویدا سیناریۆیەکی سیاسی دروستکراوە بەس بۆ ئەوەی بڵێن پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ناکەین، هەر خۆشیان نیسابیان تێکدا، ئەوەش بەمەبەست وایان کرد." وتیشی،" ئەوەی یەک کەس وشیاری سیاسی هەبێت دەزانێت، لە کوێی دونیدا بووە حزبێک دووکاندیدی بۆ سەرۆکی پە رلەمان و دوو بۆ جێگر دوو بۆ سکرتێری پەرلەمان هەبێت، ئەمە ڕێکەوتنێکی سێ لایەنە بووە بۆ ئەوەی کەس ئیحراج نەکرێت و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی نەکرێت، بۆ ئەوەی بڵێن کاندیدیمان هەیە و هەرخۆشیان ڕێکەوتن بۆ ئەوەی نیساب تەواو نەکەن، ئێمە بە دلنیایەوە ناچینە هیچ ڕێکەوتنێکەوە و دەبینە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی جیدی."