دوای هێرشی گروپە چەکدارییەکان بە پشتیوانی تورکیا، کوردەکان دەگەنە ناوچە پارێزراوەکان
2024-12-02 21:50:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
بەرپرسێکی ناوخۆ دەڵێت ئەو کوردانەی سوریا کە هەڵدێن لە دەست هێرشەکانی گروپە چەکدارییەکان بە پشتیوانی تورکیا ڕۆژی دووشەممە گەیشتنە ناوچە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵات. هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ڕابەرایەتی کوردەکان کە ئەمەریکا پشتیوانی لێدەکات، ڕۆژی دووشەممە وتی هەوڵدەدات هاووڵاتیانی سڤیلی کورد لە دەوروبەری پارێزگای حەلەب بگوازێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدان. وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات فەرهاد شامی بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " کۆمەڵێکی کەم لە خەڵکەکە گەیشتوونەتە تەبقە. ئەو ئاوارانەی دیکە کە ماونەتەوە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بە سەرکەوتوویی دەگەن." وتیشی کاروانێکی نزیکەی 200 ئوتومبێلی بەرەو تەبقەی ژێر دەستی کوردەکان بەڕێکەوتوون. شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی 2011 دا دەستیپێکرد، ئەوەش دوابەدوای سەرکوتکارییەکانی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد دژی خۆپیشاندانەکان بۆ دیموکراسی. شەڕەکە بە تێپەڕبوونی کات کەم بووەتەوە، شەڕی ناوخۆی سوریا زلهێزە دەرەکییەکان و جیهادییەکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، بەهۆی شەڕەکەوە 500,000 کەس کوژراون و نزیکەی نیوەی دانیشتوانی سوریاش ئاوارە بوون. بەڵام کوردەکانی سوریا زۆرترین زیانییان بەرکەوتووە و لە ساڵی 2011 ەوە چەندین جار ڕووبەڕووی ئاوارەبوون بوونەتەوە، لەم شەڕەی ئێستاشدا کەوتوونەتە هێڵەکانی پێشەوە و ڕووبەڕووی ئاوارەیی بوونەتەوە. هەفتەی ڕابردوو گروپی ئیسلامی حەیات تەحریر ئەلشام و گروپە چەکدارییە هاوپەیمانەکانی هێرشێکی کتوپڕییان لە باکووری ڕۆژئاوای سوریاوە لە نزیک سنووری تورکیا دەستپێکرد، خاکێکی بەرفراوانییان لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتدا دەرهێناوە، بە حەلەبی دووەم گەورەترین شاری سوریاشەوە. چەند ڕۆژێک دوای ئەو هێرشە، گروپەکان کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت، هێرشییان کردە سەر ناوچەی ستراتیژیی تەلڕەفعەتی کوردەکان. درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە ڕوانگەی سوری وتی نزیکەی 200,000 کوردی سوریا " لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری تورکیاوە گەمارۆ دراون "، گروپەکان شارۆچکەی تەلڕەفعەت و گوندەکانی نزیک حەلەبییان کۆنتڕۆڵ کردووە. ڕۆژی دووشەممە سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکرات مەزڵوم عەبدی وتی هێزەکەی هەوڵ دەدات ئەو کوردانەی کە لە تەلڕەفعەت و چەند ناوچەیەکی حەلەب دەژین بگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. وتی " دوابەدوای ڕووخان و کشانەوەی سوپای سوریا و هاوپەیمانەکانی، ئێمە هاتینە ناوەوە بۆ دروستکردنی ڕێڕەوێکی مرۆیی لە نێوان هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتدا، حەلەب و ناوچەی تەلڕەفعەت، بە ئامانجی پاراستنی خەڵکەکەمان لە ئەگەری کۆمەڵکوژی." وتیشی " بەڵام هێرشەکانی گروپە چەکدارییەکان کە لەلایەن تورکیای داگیرکەرەوە پشتیوانییان لێدەکرێت ئەم ڕێڕەوەیان تێکداوە." عەبدی وتی سەرەڕای هێرشەکە، " هێزەکانمان بەردەوامن لە بەرخۆدان بۆ پاراستنی ئەو خەڵکانەمان کە لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەژین." سەرچاوە/ فرانس پرێس