کۆمەڵ: لێکدانەوەی بەرژەوەندی بچووک هۆکاری ناتەبایی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانە
2024-12-02 22:40:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
کاندیدێکی دەرچووی کۆمەڵی دادگەری کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان پەرتەوازەو ناتەبان، هۆکاری ناتەباییان دەگەڕێتەوە بۆ لێکدانەوەی بەرژەوەندی بچووک. عومەر گوڵپی، کاندیدی دەرچووی کۆمەڵی دادگەری بۆ پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بوونی هەڵوێست لە بەرەی خەڵک و داکۆکیکردن لە کێشەکانی خەڵک لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی کۆنەکردووەتەوە." کۆمەڵی دادگەری کوردستان، سێ کورسی لە کۆی 100 کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەدەستهێنا، بەڵام سەرکردایەتی حزبەکە هەڵبژاردنیان بە "دیزاینکراو"وەسفکردو بڕیاریاندا بایکۆتی پەرلەمانی کوردستانیش بکەن. یەکێک لەو سێ ئەندامە دەرچووەی کۆمەڵی دادگەری بڕیاری حزبەکەی بۆ بایکۆتکردنی پەرلەمانی کوردستان پشتگوێ خست و وەکو ئەندامی پەرلەمان سوێندی یاسایی خوارد، ئەمەش وایکرد بەفەرمی لەڕیزەکانی ئەو حزبە دووربخرێتەوە. عومەر گوڵپی دەڵێت،"پەرتەوازەیی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان نەگبەتی خەڵکە، ئەگینا دەبێت ئۆپۆزسیۆن هاوهەڵوێست بێت." لەکاتێکدا کۆمەڵی دادگەری پەرلەمانی کوردستانی بایکۆتکردووە، بەڵام یەکگرتووی ئیسلامی 7 کورسی، ڕەوتی هەڵوێست 4 کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان 1 کورسی بەشداری پەرلەمانیان کردو ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان ڕاگەیاند. نەوەی نوێ کە خاوەنی 15 کورسی پەرلەمانی کوردستانە، هەرچەندە تا ئێستا لەنێوان بەشداریکردن لە حکومەت و ئۆپۆزسیۆن بوون بڕیاری یەکلایی کەرەوەی نەداوە، بەڵام جێبەجێکردنی مەرجەکانی بۆ بەشداریکردن لە حکومەت بە ئەستەم دادەنرێت. عەلی حەمە ساڵەح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست لە بارەی پەرتەوازەیی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی هەماهەنگی باش لە نێوانماندا هەیەو دەمانەوێت هەماهەنگی و فۆرمێک لە کارکردنی هاوبەش هەبێت لە نێوانمان." ئەو وتیشی،"دەمانەوێت بزانین کام لایەنی تر دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، چونکە تا ئێستا ئەجێندای هەندێک لایەن ڕوون نییە." لە حاڵەتێکدا گەر نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی، ڕەوتی هەڵوێست، کۆمەڵی دادگەری، بەرەی گەل و بزووتنەوەی گۆڕان ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان ڕابگەیەنن، دەبنە خاوەنی 32 کورسی پەرلەمانی کوردستان، لەکاتێکدا یەکێتی و پارتی پێکەوە خاوەنی 62 کورسی پەرلەمانن. جوانڕۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"تا ئێستا بەرەیەک دروست نەکراوە ناوی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بێت، چونکە هێزە سیاسییەکان دانەنیشتوون تا بڕیاربدەن لەبارەی چۆنیەتی کارکردنی پێکەوەیی بۆ چوارساڵی داهاتوو." ئەو دەڵێت،"کۆمەڵێک هێز بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونیان داوە، گەر بڕیاردرا چەند هێز لە چوارچێوەی کاری ئۆپۆزسیۆن بوون پێکەوە کار بکەن، ئەوکات مەسەلەکان ڕێکدەخرێنەوە." جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە چاوەڕوان دەکرێت پێکەوە حکومەتی هەرێم پێکبهێنن، پێشبینی دەکرێت پێکهاتەکان کە خاوەنی 5 کورسی پەرلەمان و هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان کە خاوەنی یەک کورسی پەرلەمانە بەشداری لە حکومەت دا بکەن.