ترامپ سەبارەت بە ئەگەری شەڕ لەگەڵ حکومەتی ئێران دەڵێت هەموو شتێک لەوانەیە ڕووبدات
2024-12-12 19:40:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
دانۆڵد ترامپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری 'تایم' ئەگەری ڕوودانی شەڕی لەگەڵ ئێران ڕەت نەکردەوە. لەو چاوپێکەوتنەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە 12ی مانگی دوازدە بە بۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک "کەسایەتی ساڵ" بڵاوکرایەوە، ترامپ لە وەڵامی پرسیاری 'تایم' سەبارەت بە پیلانگێڕیی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ تیرۆرکردنی و ئەگەری شەڕی ئەمەریکا و حکومەتی ئێران لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا وتی "هەموو شتێک دەتوانێت ڕووبدات". لە چاوپێکەوتنەکەدا کە لە شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەتی خۆی لە شاری مارالاگۆ لە ویلایەتی فلۆریدا ئەنجامدرا، وەڵامی پرسیارێکی دیکەی دایەوە سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی لەبارەی دیداری ئیلان ماسک لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی ئێران و ئایا ماسک ئەو کۆبوونەوەیەی لەسەر فەرمانی ئەو ئەنجامداوە یان نا؟ وتی "من نازانم کە ئەو لەگەڵ ئەواندا دیداری کردووە یان نا و ئەمەی بە من نەوتووە." ترامپ هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆتایی خولی یەکەمی خۆیدا کۆماری ئیسلامی ئێران "زۆر مەترسیدار نەبووە" چونکە بە وتەی ئەو پارەی نەبووە بیدات بە حەماس و حزبوڵا. لە بەشێکی دیکەی ئەو گفتوگۆیەدا، دۆخی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیای بە "زۆر ناسەقامگیر" ناوبرد و بڕیارەکەی زێلێنسکی بۆ "هەڵدانی مووشەک بۆسەر ڕووسیا"ی بە پەرەسەندنی گرژییەکان ناوبرد و گوتی ئەوە کردەیەکی "گەمژانە" بوو. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز مانگی یازدە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئیلان ماسک لەگەڵ باڵیوێزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دیداری کردووە. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا دەرکەوت و هەموو هەواڵێکی سەبارەت بە کۆبوونەوەی نوێنەری حکوومەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئیلان ماسک ڕەتکردەوە.