لە ئەمەریکا یەکەم حاڵەتی سەختی ئەنفڵوانزای باڵندە لە مرۆڤدا پشتڕاست دەکرێتەوە
2024-12-18 21:10:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
نێوەندی کۆنترۆڵکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکان ناسراو بە (CDC) ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند نەخۆشێک لە ویلایەتی لویزیانا بەهۆی تووشبوونێکی سەختی ئەنفلوانزای باڵندە لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، ئەمەش یەکەم حاڵەتی سەختی ئەو ئەنفلوانزایەیە لە ئەمەریکا ڕابگەیەندرێت. بەم حاڵەتەش کۆی گشتی تووشبووانی ئەنفلوانزای باڵندە لە ئەمەریکا لە سەرەتای ساڵی 2024 وە تا ئێستا دەگاتە 61 حاڵەت. بەپێی زانیارییەکانی CDC نەخۆشەکە لە باڵندە مرداربووەکانی حەوشەکەی خۆیەوە توشی ڤایرۆسەکە بووە و هیچ زانیارییەکی زیاتر نەدراوە. حاڵەتەکە لە ڕۆژی هەینی ڕابردوو پشتڕاست کراوەتەوە کە بە پێی پشکنینەکان دەرکەوتووە کەسەکە ڤایرۆسی H5N1 ی هەیە. نێوەندە تەندروستییەکەی ئەمەریکا دەڵێت "ئەم کەیسە جەخت لەوە دەکاتەوە کە جگە لە پەڵەوەڕە ماڵەییەکان و ئاژەڵە شیردەرەکان ، باڵندە کێوییەکانیش دەتوانن سەرچاوەی ئەو ڤایرۆسە بن." سەرەڕای ئەم پێشهاتانە، CDC دەشڵێت مەترسییەکانی گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە بۆ مرۆڤ کەمە.