هەواڵی کوردستان ئێستا

خامنەئی: ئەو خوێنەی بۆ سوریا ڕشتمان بەفیڕۆ نەچووە

خامنەئی: ئەو خوێنەی بۆ سوریا ڕشتمان بەفیڕۆ نەچووە
خامنەئی: ئەو خوێنەی بۆ سوریا ڕشتمان بەفیڕۆ نەچووە

2025-01-01 19:50:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بەرگری لە سیاسەتی وڵاتەکەی کرد لە شەڕی ناوخۆی سوریادا و ڕایگەیاند پێشهاتەکانی ئێستا کاتی و "نمایشی درۆیین" کە لە ڕێگەی "ئیمانداران" و "گەنجانی" سوریاوە شکستیان پێدەهێندرێت.  ئایەتوڵڵا خامنەئی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، 1-1-2025، لە مەراسیمێکدا بە بۆنەی یادی 5 ساڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، "هەندێک کەس بەهۆی نەبوونی شیکردنەوە و تێگەیشتنی دروست بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا، ئەو خوێنەی کە بۆ بەرگریکردن لە مەزارگە ڕژاوە، بەفیڕۆچووە. ئەوان هەڵەیەکی گەورەیە دەکەن؛ ئەم خوێنە بەفیڕۆ نەچووە." ناوبردنی "مەزارگە" لە لایەن خامنەئییەوە ئاماژەیە بە مزگەوتی سەیدە زەینەب لە شاری دیمەشق کە یەکێکە لە شوێنە پیرۆزەکانی شیعەی دوازدە ئیمام و دەڵێن زەینەبی کچی ئیمام عەلی لەوێدا نێژراوە. ئێران و هێزە شیعەکان هۆکاری سەرەکی بەشدارییان لە شەڕی ناوخۆی سوریا گەڕاندووەتەوە بۆ پاراستنی ئەو مەزارگەیە. خامنەئی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی سوریا وتی، "بەم نمایشە درۆینەیە فریو مەخۆن؛ ئەوانەی ئەمڕۆ بە لوتبەرزییەوە تەراتێن دەکەن، ڕۆژێک دێت دەکەونە ژێر پێی ئیمانداران. ئەوانەی دەستدرێژییان کردووەتە سەر خاکی گەلی سوریا ڕۆژێک دێت لە بەرامبەر دەسەڵاتی گەنجانی سوریادا ناچار دەبن پاشەکشە بکەن." لە درێژەی وتارەکەی ئەمڕۆیدا، خامنەئی ئەمەریکا و ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد بە "داگیرکردنی" سوریا. هەروەها ستایشی ڕۆڵی قاسم سولەیمانی کرد لە پتەوکردنی هێزە شیعەکانی ناوچەکە و گرووپی حزبوڵای لوبنان و حوسییەکانی بە "‌هێمانی بەرگریکاری" وەسفکرد.