هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەو کەسەی لە هەولێر هێرشی کرایە سەر دەڵێت "لە خۆشی دەستگیکردنی تاوانباران پاقلاوەم دابەشکرد"

ئەو کەسەی لە هەولێر هێرشی کرایە سەر دەڵێت
ئەو کەسەی لە هەولێر هێرشی کرایە سەر دەڵێت "لە خۆشی دەستگیکردنی تاوانباران پاقلاوەم دابەشکرد"

2025-01-08 18:55:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


ئەمڕۆ، 8ی مانگی یەکی 2025، لەسەر ڕفاندن و تاشینی سمێڵ و برۆی هاوڵاتییەکی دانیشتووی هەولێر ئاسایشی گشتی پارێزگاکە بە فەرمانی دادوەر چەند گومانلێکراوێکی ڕووداوەکەی دەستگیرکرد. هاوڵاتیەکەش، کە لە تیکتۆک ناسراوە بە "ڕێباز مارکاول،" لەسەر دەستگیرکردنیان دەڵێت،" سێ ڕۆژە نەخەوتووم و لە خۆشیدا پاقلاوەم دابەشکرد." موقەدەم ئەردەڵان، وتەبێژی بەڕێوەبەرێتی ئاسایشی هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "چەند کەسێکمان دەستیگرکردوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەستی پێکردووە. کەی ڕێڕەوی لێکۆڵینەوە کۆتایهات، ئەوکات بۆ ڕای گشتی دەرئەنجامەکەی دەخەینەڕوو." سەبارەت بە ژمارەی دەستیگرکراوان و زیانیاری لەسەر هۆکاری ڕووداوەکە، وتیشی،" ناتوانین وردەکاری زیاتر بخەینە ڕوو." بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، هێزەکانی ئاسایشی هەولێر لەسەر فەرمانی دادوەر شەش کەسی لەسەر ڕووداوی ئەتکردنی ئەو هاوڵاتییە دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. رێباز سوورچی (ڕێباز مارکاول) هاوڵاتییەکی دانیشتووی هەولێرە و کەسێکی دیاری نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە بەتایبەت تیکتۆک. بەگوتەی خۆی، کاتژمێر نۆی شەو لە ڕۆژی 5ی مانگی یەکی 2025، لەلایەن کەسێکەوە پەیوەندی تەلەفۆنی پێوەکراوە و بەبیانوی ئەنجامدانی ڕیکڵام بۆ بەکرێدانی ئۆتۆمبیل، لە ماڵ هێنراوەتە دەرەوە و دوای ڕفاندنی لە لایەن چەندین کەسەوە هێرشی کراوەتە سەر و سوکایەتی پێکراوە. ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێباز مارکاول لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند، "سێ ڕۆژە نەخەوتووم ونانیشیم نەخواردوە. لە خۆشی دەستگیرکردنیان ئێستا لەماڵمان پاقلاوە دابەش دەکرێت." دەشڵێت، "کاتێک چوومە لای شوقەکانی 32 پارکی هەولێر بەمەبەستی ئەنجامدانی ڕیکڵامەکە، شەش کەس منیان ڕفاند و سمێڵ و برۆیان تاشیم...من بە ڕووداوەکە گەورە بووم، چونکە زوڵمم لێکراوە و بەناوی ڕیکڵامەوە منیان برد و ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆریان دام و ئەتکیان کردم، بەوەی من سوکایەتیم کردبێت و کوفرم کردبێ و قسەم بە ئاینی ئیسلام کردبێت." شارەزایانی یاسایی دەڵێن لەیاسای سزادانی عێراقی بۆ تاوانی ئابرووبەر مادەکانی 400 و 401 و 402 دیاریکراوە بۆ سزادانی تاوانباران. ئاسۆ هاشم، پارێزەری ڕاوێژکار، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سزاکان دوو جۆرن، یاخود پێبژاردنە یان زیندانیکردنە و پێبژاردنەکە لە 250 هەزار دینار زیاتر نیە و سزای زیندانیکردنەکەش لە شەش مانگ زیاتر نیە. بە یەکێک لەم دوو سزایە دادگا تاوانبار سزا دەدات." بە گوێرەی مادەی 400 کەسی تاوانبار بە گرتن سزا دەدرێت کە لە ساڵێک زیاتر نەبێت، یاخود بە پێبژاردن کە لە 225 هەزار دینار زیاتر نەبێت. بە هەمان شێوە، مادەی 401 سزای گرتن دەیگرێتەوە کە لەشەش مانگ زیاتر نەبێت یان پێبژاردنی بە پارە کە لە 450 هەزار دینار زیاتر نەبێت. مادەی 402 فەرمان دەکات بە گرتنی کەسی تاوانبار بە جۆرێک لە سێ مانگ زیاتر نەبێت و پێبژاردنی بە پارە لە 45 هەزار دینار زیاتر نەبێت. ئەمە یەکەم حاڵەتی توندوتیژی تایبەت بە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە لە هەولێر و هەرێمی کوردستان ڕوودەدات دەنگی ئەمەریکا کۆتایی مانگی ڕابردوو ئەوەی بڵاوکردەوە کە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان سکاڵای یاسایی لەسەر ژمارەیەک کەسی دیاری نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو سناپچات و تیکتۆک تۆمارکردووە بە تۆمەتی  ئەوەی "دوور لە بەها باڵاکانی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان سۆشیال میدیا بەکاردەهێنن و بوونەتە مایەی تێکدانی شیرازەی خێزانەکان." بەپێی بەڵگەنامەیەک کە دەستی دەنگی ئەمەریکا کەتووە، دکتۆر محەمەد ڕێکانی ئەندام لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لە هەولێر سکاڵایەکی تۆمارکردووە و ئاراستەی سەرۆکایەتی داواکار گشتی کردووە، وە وتویەتی ئەم جۆڕە ڕەفتارانە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان و کێشە کۆمەڵایەتیەکان لە هەرێمی کوردستان. لە سکاڵاکەدا ناوی نزیکەی 20 کەس بەلیستێک هاوپێچکراوە هەتا ڕێکاری یاساییان لە بەرامبەردا بگیرێتە بەر. لەدوای سکاڵاکەی ئەندامەکەی داواکاری گشتی، بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کە دەنگی ئەمەریکا کردوویەتی، 4 کەس دەستیگرکراون و ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە و چەند کەسێکی دیکەش فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە. ڕۆژی 22ی مانگی دوانزەی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە کە 2 کەساین دەستگیرکردووە بە تۆمەتی سوکایەتی و قسەی نەشیاو و جنیێودان لە ڕێگەی تیکتۆکەوە. پۆلیسی هەولێر ئەوکات ڕایگەیاند تۆمەتبارەکان هەردووکیان برای یەکن و خەڵکی دەرەوەی شاری هەولێرن و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە دراونەتە دادگا. پۆلیسی هەولێر هەروەها هاووڵاتیانی دڵنیاکردووەتەوە کە هەر کەسێک تاوانی هاوشێوە ئەنجام بدات و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان خراپ بەکاربهێنێت، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت و ڕادەستی دادگا دەکرێت