سەرۆکی کۆریای باشوور دەستگیر دەکرێت
2025-01-15 18:55:57 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
کاربەدەستانی کۆریای باشوور ڕایدەگەیەنن کە یۆن سوک یۆڵ، سەرۆکی ئەو وڵاتە دەستگیر کراوە. ئەمەش دوای نزیکەی مانگ و نیوێک دوای ئەوەی یون بۆ چەند کاتژمێرێک حکومەتی سەربازی لەسەر ئاستی وڵاتەکە ڕاگەیاند کە ئەو وڵاتەی هەژاند. دەزگای دژە گەندەڵی کۆریای باشوور ڕایگەیاند یۆن سوک یۆل، سەرۆکی لێپێچینەوە لێکراوی وڵاتەکەی دەستگیرکردووە. بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، چەندین ئۆتۆمبێلی جۆری SUV ڕەش کە هەندێکیان ئاگادارکەرەوەیان بەسەرەوە بووە، بینراون کە کۆشکی سەرۆکایەتیەکەیان بەجێهێشتووە. ئەمە دووەم هەوڵی دەسەڵاتدارانی سیئۆل بووە بۆ دەستگیرکردنی یۆن سوک یۆڵ لەسەر ڕاگەیاندنی حکومەتی سەربازی مانگی ڕابردوو. هەواڵەکە باس لەوە دەکات کە پێشتر لێکۆڵەرانی نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی بەرپرسانی باڵا لەگەڵ پارێزەرانی سەرۆک کۆمار دانوستانیان دەکرد و تا نیوە شەو هێشتا یۆن دەستگیر نەکرابوو. چەند ڕۆژ پێش ئێستاش پاسەوانانی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور ڕێگری کرد لە لە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ یۆن سوک یۆڵ سەرۆکی لێپێچینەوەلێکراو لە کۆریای باشوور، ئەمەش لە کاتێکدا کە کۆمەڵێک لێکۆڵەر و ئەفسەری پۆلیس چووبوونه شوێنی نیشتەجێبوونی لە سیئۆل بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا. بەگوێرەی هەواڵەکان، یۆن کە لە 8ی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوودا لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانی کۆریای باشوورەوە بەهۆی هەوڵدان بۆ سەپاندنی یاسای سەربازی لێپێچینەوەی لەگەڵ کرا، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. ناوبراو لە پەیامێکی سەری ساڵیدا بە لایەنگرانی ڕایگەیاند "تا کۆتایی" دژی ئەو هێزانە دەجەنگێت کە ئەو بە "دژە نیشتمان" ناویان دەبات. هەروەها لە نامەیەکدا بۆ لایەنگرانی خۆی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنەکەی بە "نایاسایی" ناوبردووە. سەرچاوە/AP