هەواڵی کوردستان ئێستا

دانیشتووانی غەززە دەڵێن لەهێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە دوای ڕێککەوتنی ئاگربەست لانیکەم 70 کەس کوژراون

دانیشتووانی غەززە دەڵێن لەهێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە دوای ڕێککەوتنی ئاگربەست لانیکەم 70 کەس کوژراون
دانیشتووانی غەززە دەڵێن لەهێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە دوای ڕێککەوتنی ئاگربەست لانیکەم 70 کەس کوژراون

2025-01-16 16:30:16 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی 15 مانگەی نێوان ئیسرائیل و حەماس، دانیشتوان و دەسەڵاتدارانی کەرتی غەززە ڕایانگەیاند لەهێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە شەوی پێنجشەممەدا لانیکەم 70 کەس لە غەززە کوژران. هاوکات سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرووپی حەماس تۆمەتبار دەکات بە پێشێلکردنی بەڵێنەکانی و بەشێک لە بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە. هاوکات ئاژانسی فرانس پرێس بە پشتبەستن بە میدیاکانی ئیسرائیل کەمێک پێش ئێستا نووسیوێتی کە بڕیارە کابینەی ئیسرائیل ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان لەم ڕۆژەدا پەسەند بکات. لە هەمان کاتدا هەواڵەکان باس لە هێرشە ئاسمانییە قورسەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەکەن کە بە درێژایی شەو بەردەوام بووە و 70 فەلەستینی کوشتووە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بەو کۆبوونەوەیەی کابینەی حکومەت، لە بەیاننامەیەکی نوێدا ڕایگەیاندووە لەئێستادا کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست ئەنجام نادرێت. بنیامین ناتانیاهۆ حەماسی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە پێشێلکردنی بەشێک لە مەرجەکانی ئاگربەست کە تازە بڕیار بوو لە ڕۆژی یەکشەممە 19ی مانگی یەکەوە دەست پێبکات، لە کۆتا خولەکەکاندا قەیرانی دروستکردووە و بەو هۆیەشەوە کابینەی ئیسرائیل لەئێستادا ئاگربەستەکە پەسەند ناکات. تا ئێستا نەتانیاهۆ ڕوونی نەکردووەتەوە کە کام بڕگەی ئاگربەست لەلایەن حەماسەوە پێشێلکراوە. لە کاتێکدا کە ناوبژیوانانی ئاگربەست، قەتەر و ئەمەریکا هێشتا وەڵامی ئەم هەڵوێستە نوێیەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیان نەداوەتەوە، دوو بەرپرسی باڵای حەماس ئەم تۆمەتە نوێیەیان ڕەتکردەوە و بە "بێ بنەما" ناویان برد. ئاژانسی فرانس پرێس هەروەها لە زاری ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماسەوە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو گرووپە "پابەندە بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە". لە هەمان کاتدا ئاژانسەکانی هەواڵ بە درێژایی شەو تەقینەوە قورسەکانی ئیسرائیلیان بڵاوکردەوە. هەروەها سەرچاوە فەلەستینییەکان ڕایانگەیاندووە کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە کاتێکدا ڕوویانداوە کە خەڵک ئاهەنگیان بۆ ڕێکەوتنی ئاگربەست دەگێڕا. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە کە لەژێر کۆنترۆڵی تاقمی حەماسدا کاردەکات، لە نێوان نیوەڕۆی چوارشەممە تا بەرەبەیانی پێنجشەممە لانیکەم 70 کەس لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل کوژراون کە نزیکەی نیوەیان ژن و منداڵ بوون. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوبژیوانانی نێوان ئیسرائیل و گرووپی توندڕەوی حەماس ڕۆژی چوارشەممە 15ی مانگی یەک ڕایانگەیاند کە هەردوولا لەسەر گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن. قەتەر کە یەکێکە لە ناوبژیوانانی دانوستانەکان، دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕاگەیاندنی سەرەتایی ڕێککەوتنەکە ڕایگەیاند کە ئاگربەست لە 19ی ژانویە دەستپێدەکات. سەرچاوە/ڕۆیتەرز/فرانس پرێس