هەواڵی کوردستان ئێستا

کەلـلەسەری مرۆڤێک دەدۆزرێتەوە کە ملیۆنێک و 100 بۆ 400 هەزار ساڵ لەمەوبەر ژیاوە

کەلـلەسەری مرۆڤێک دەدۆزرێتەوە کە ملیۆنێک و 100 بۆ 400 هەزار ساڵ لەمەوبەر ژیاوە
کەلـلەسەری مرۆڤێک دەدۆزرێتەوە کە ملیۆنێک و 100 بۆ 400 هەزار ساڵ لەمەوبەر ژیاوە

2025-03-13 19:40:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


زانایانی شوێنەوارناسی دەڵێن پارچەی کەلـلەسەری مرۆڤیان لە یەکێک لە ئەشکەوتەکانی باکوری ئیسپانیا دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەی بە لایەنی کەمەوە دەگەڕێتەوە بۆ نێون ملیۆنێک و 100 هەزار ساڵ بۆ ملیۆنێک و 400 هەزار ساڵ لەمەوبەر. ئەم دۆزینەوەیە تێگەیشتنمان سەبارەت بە مێژووی پەرەسەندنی مرۆڤ لە ئەوروپا و جیهان دەباتە قۆناغێکی نوێوە. پاشماوەی مرۆڤەکە ساڵی 2022 لە یەکێک لە ئەشکەوتەکانی زنجیرەچیای ئاتاپوێرکا لە باکوری ئیسپانیا دۆزرایەوە. پێکهاتووە لە بەشی چەپی کەلـلەسەری کەسێکی پێگەیشتوو. زانایان هەتا ئێستا دڵنیا نین پاشماوەی کام جۆری مرۆڤە، بەڵام گومان دەکەن جۆرێکی لەناوچووی هۆمۆ ئیرێکتوس بێت. ئەو لێکۆڵینەوەیە کە دوێنێ لە گۆڤاری سروشت بڵاوکراوەتەوە هیچ وەڵامێکی دڵنیاکەرەوەی لەسەر ئەم پرسە پێشکەش نەکردووە. ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە دوێنێ لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی وەزیری کلتور و گەشتوگوزاری ئیسپانیا لەلایەن سەنتەری نیشتمانی توێژینەوەی ئیسپانیا بۆ پەرەسەندنی مرۆڤ پێشکەشکرا. شوێنەوارناس ماریا مارتینۆن-تۆرێس، یەکێک لە ئەنجامدەرانی لێۆکڵینەوەکە، دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، "ئێمە سەرقاڵی بەڵگەنامەکردنی جۆرێکی نەناسراوی دانیشتوانی مرۆڤین لە ئەوروپا. ئەمە کۆنترین پاشماوەی بەردبووی مرۆڤە لە ئەوروپای خۆرئاوا." لێکۆڵینەوەکە هەروەها ئاماژە بە دۆزینەوەی چەند پارچە ئێسکێکی ئاژەڵ دەکات لەو ئەشکەوتە کە شوێنەواری بڕینیان پێوەدیار بووە، ئەمە سەرەڕای دۆزینەوەی چەند کەرەستەیەکی لە بەرد دروستکراو کە بۆ ڕاوکردن بەکارهاتوون.