هەواڵی کوردستان ئێستا

دورزییەکانی ئیسرائیل پێشوازییەکی گەرم لە شاندێکی دورزییەکانی سوریا دەکەن

دورزییەکانی ئیسرائیل پێشوازییەکی گەرم لە شاندێکی دورزییەکانی سوریا دەکەن
دورزییەکانی ئیسرائیل پێشوازییەکی گەرم لە شاندێکی دورزییەکانی سوریا دەکەن

2025-03-15 04:00:18 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


دورزییەکانی ئیسرائیل بە وتنەوەی سروود و بەرزکردنەوەی ئاڵاکەیان پێشوازییەکی گەرمیان کرد لە شاندێکی دورزییەکانی سوریا کە لە دەیان پیاوی ئایینی دورزی پێکهاتوون. شاندەکە ڕۆژی هەینی بە سێ پاسی گەورە لە سوریاوە گەیشتنە ئیسرائیل و بەرەو شارۆچکەی جولس بەڕێکەوتن بۆ دیداری شێخ موەفەق تەریف، ڕێبەری دورزییەکانی ئیسرائیل. هاوکات بە سەدان دورزی بە گەورە و بچوکەوە لە پێشوازی شاندەکە بوون و ئاهەنگیان دەگێڕا و ئاڵا ڕەنگاوڕەنگەکەیان دەشەکانەوە. بڕیارە شاندەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە ئیسرائیل بمێننەوە و سەردانی مەزارە پیرۆزەکانیان بکەن، یەک لەوانە مەزاری پێغەمبەر شوعەیبە کە ئێوارەی هەینی سەردانیان کرد. ئەمە یەکەم جارە لە پاش 50 ساڵ دورزییەکانی سوریا سەردانی ئیسرائیل بکەن بە مەبەستی پەیوەندی کلتوری و ئاینی. هەرچەندە زۆرێک لە دورزییەکان خۆشحاڵن بە یەکتر شادبوونەوەی خەڵکەکەیان کە لە نێو ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە دابەشبوون، بەڵام دورزیش هەن مەترسییان هەیە لەلایەن بەشێک لە کۆمەڵگەی عەرەبییەوە تۆمەتباربکرێن بە پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل و بەهۆیەوە ئازار بدرێن بە تایبەتی لە سوریا. لەسەر ئاستی فەرمی هیچ کاردانەوەیەکی ئەتۆ نەبووە و تەنانەت حکومەتی کاتی سوریاش هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمی لەم بارەیەوە نەبووە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەکان زۆرن. بەشێک بە ڕۆژێکی مێژوویی بۆ دورزییەکان ناودێری دەکات و بەشێکیش کاتی سەردانەکە بە ناگونجاو دادەنێن. وەلید ئەبو حەیە کە دورزییەکی ئیسرائیلە، لەسەر پێگەکەی لە ئێکس نووسیویەتی،"هیچ شتێک لەم زیاتر کاریگەرتر نییە. ساتێکی مێژووییە، برا دورزییەکانمان لە سوریاوە دێن بۆ ئەنجامدانی نوێژ و نزای خۆیان لە شوێنە پیرۆزەکان لە ئیسرائیل. هیوادارین بەم زووانە براکانمان لە لوبنانەوە بێن لەگەڵماندا بن! ڕۆژهەڵاتی نوێ وا دێتە دی." لە پاش ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا کە بە سەدان کەسی سیڤیلی عەلەوی بە دەستی چەکدارانی سەر بە حکومەتی نوێی سوریا کوژران، ترس و دڵەڕاوکێ دووچاری بەشێک لە کەمایەتییەکانی ئەو وڵاتە بووە، بۆیە زۆرێک لە دورزییەکان خۆشحاڵن بەوەی ئیسرائیل پشتیوانیان لێدەکات.