لە كەركووك رێگە بە 600 هەزار ئاوارە نادرێت بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و ناسنامەیان پێ دەدرێت
كەركووك-KDP.info- سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك گوتی، لە كەركووك نزیكەی 600 هەزار ئاوارەی عەرەبی سوننە هەیە و شیعەكان رێگەیان پێ نادەن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان، لە ئێستاشدا ئیدارەی كەركووك ناسنامەی كەركووكیان بۆ دروست دەكەن و دەیانكەنە عەرەبی سوننەی كەركووك، ئەمەش هەر لە چوارچێوەی پرۆسەی تەعریبە.
رێبوار تاڵەبانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "سوننەكان لە ناوچەكانی خۆیان دەركراون، بە تایبەت لە دیالە و ئەنبار و ناوچەكانی دیكە و هێناویانن بۆ كەركووك بە ناوی ئاوارە و شوێنەكانیان بەشیعە كراون، رێگەش نادەن ئەو ئاوارانە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، بۆیە ئەمە پڕۆژەی ئەوانە بۆ بەشیعەكردنی هەموو عێراق و ناوچە كوردستانییەكانیش".
تاڵەبانی گوتیشی: "نزیكەی 600 هەزار ئاوارە لە كەركووك هەن و ئێمە لەگەڵ پارێزگاری ئەو ناوچانە قسەمان كردووە كە لێی ئاوارە بوون، بەڵام بە هیچ شێوەیەك رازی نەدەبوون بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، ئەو ئاوارانە دەرفەتێكی باشیان بۆ رەخساوە، بۆ ئەوەی بچنە ناوشار و ناسنامەیان بۆ دروست دەكرێت و دەكرێنە خەڵكی كەركووك، چونكە لەگەڵ عەرەبە سوننەكانی كەركووك دەگونجێن".
بڵند ئیبراهیم