هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزیری ناوخۆ چۆنیەتی قەدەغەی ھاتوچۆی رونکردەوە

وەزیری ناوخۆ چۆنیەتی قەدەغەی ھاتوچۆی رونکردەوە
وەزیری ناوخۆ چۆنیەتی قەدەغەی ھاتوچۆی رونکردەوە

2020-05-23 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info-   ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نوسیدا ڕایگه‌یاند، مه‌به‌ستیان له‌ ڕاگه‌یاندنی قه‌ده‌خه‌ی هاتوچۆ له‌ سێ ڕۆژی جه‌ژن بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌مترین به‌ركه‌وتن له‌ نێوان هاووڵاتییان بۆ خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا هه‌بێت.

وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: 'بەپێی هه‌ڵسه‌نگاندنی ته‌ندروستی و ئاماژه‌كانی تووشبوون به‌ كۆرۆنا، له‌ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا زیاتر له‌ 40 توشبوو تۆمار كرا، له‌ ماوه‌ی پێشوو توشبوون به‌و شێوه‌یه‌ش نه‌بوو، هاووڵاتییان له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌، تۆماركردنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی هاووڵاتییان به‌ كۆرۆنا به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ کە ڤایرۆسه‌كه‌ لەناو كۆمه‌ڵگای ئێمە بڵاو بووه‌ته‌وه‌، به‌پێی ستراتێژیی به‌رگری و هێرشكردن بۆ سه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌ بۆ ئەوەی كه‌مترین هاووڵاتیمان تووش ببێت تواندرا به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه‌ به‌ هاوكاریی هه‌موو لایه‌ك به‌سه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌دا زاڵ ببین و نه‌یه‌ڵین وه‌كو وڵاتانی تر بڵاو ببێته‌وه‌".

ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د گوتیشی: "ئه‌وه‌ی ئێستا بۆ ئێمه‌ نادیار و ناڕوونه‌ سه‌رچاوه‌ی توشبووانی ئه‌م حاڵه‌تانەی دواییه کە‌ دیار نییه‌ و مه‌ترسییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌. پێشتر ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ وڵاتانی ئه‌وروپایی و ئێران ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ كه‌ره‌نتینه‌ بوون،‌ تێستیان بۆ ده‌كرا و ده‌رده‌چوو، به‌ركه‌وتووه‌كانیش دیار بوون، به‌ڵام ئێستا خه‌ڵكانێك له‌ناو كۆمه‌ڵگا تووش ده‌بن به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانین سه‌رچاوه‌ی تووشبوونی كه‌سی یه‌كه‌م چییه‌، ده‌مانه‌وێت هه‌موو لایه‌ك بزانن نازانین به‌ركه‌وتووانی پێشووتر كاریگه‌رییان هه‌بووه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگا و ئێستا ده‌رده‌كه‌وێت، یان ئه‌وانه‌ی له ‌پارێزگاكانی عێراقه‌وه‌ هاتوچۆی هه‌رێم ده‌كه‌ن، یان ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی له‌ وڵاتی توركیاوه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ عێراق و به‌ ده‌روازه‌كانی تر ده‌گه‌نه‌وه‌ كوردستان، سه‌رچاوه‌كه‌ بۆ داموده‌زگای ته‌ندروستی ڕوون نییه‌، ته‌سه‌ورمان وایه‌ ژماره‌یه‌كی زۆرتر له‌ناو كۆمه‌ڵگادا هه‌یه‌ له‌ هه‌ولێر و سلێمانی، به‌ڵام هه‌ستمان پێ نه‌كردووه‌، بۆیه‌ جێگای مه‌ترسی و له‌سه‌رڕاوه‌ستانه‌".

وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: "ئێمه‌ وتمان جه‌ژن باشترین وه‌سیله‌یه‌ هاووڵاتییان له‌یه‌ك نزیك بنه‌وه‌، زۆرن ئه‌و پرسیارانه‌ی ده‌كرێن و په‌یامه‌كان گەیشتووه‌ته ‌لامان، بۆچی بازاڕه‌كان كرانه‌وه‌ و جه‌ژن كرایه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، بازاڕمان له‌ژێر فشاری ئابووریدا کردەوە، فشار بۆ هاوڵاتییان و حكوومه‌ت هات، ده‌نا ئێمه‌ وه‌ك حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه ‌بووین ماوه‌یه‌كی درێژتر قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ هه‌بێت، هاووڵاتییان سه‌بریان هه‌بێت و له‌ ماڵه‌كان بمێننه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ستمان كرد پێویسته‌ درگایه‌ك بكرێته‌وه‌ هاووڵاتییان خه‌ریكی كه‌سابه‌ت و ژیانی خۆیان بن، ئە‌گه‌رنا ئه‌وكاتیش مه‌ترسی هه‌بووه‌".

ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د گوتیشی: "ڕای ده‌گه‌یه‌نین مه‌ترسیی كۆرۆنا له‌ جاران مه‌ترسیدارتره‌، جاران سه‌رچاوه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ ئاشكرا بوو، به‌ڵام ئێستا ئاشكرا نییه‌، وه‌ك حكوومه‌ت ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تیی خۆمان جێبەجێ کردووە و به‌رده‌وام ده‌بین، هاووڵاتییان پێویسته‌ وه‌كو جاران پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان بن، ئێمه‌ خه‌می ته‌ندروستیی ئێوه‌مانه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: 'ئه‌و هاووڵاتییه‌ كوردانه‌ی له‌ ئه‌ورووپا به ‌كۆرۆنا مردوون زۆر لەوه‌ی ناوخۆ زیاتره‌، بۆیه‌ ئه‌و پڕۆپاگه‌ندانه‌ی ده‌وترێت به‌رگریی ئێمه‌ جیاوازه‌ و ڤایرۆسه‌كه‌، ئه‌وه‌ با بمێنێته‌وه‌ بۆ پسپۆڕان و لێكۆڵه‌ره‌وانی ته‌ندروستی، نابێت خۆمان هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنین به‌وه‌ی به‌رگریی ئێمه‌ له‌ خه‌ڵكی تر زیاترە، ئه‌ی ئه‌و كوردانه‌ی له‌ وڵاتان به‌ كۆرۆنا مردوون، هه‌مان ڕه‌گه‌زی كوردبوونیان نییه‌؟ به‌پێی هه‌ڵسه‌گاندنه‌كان له‌ پڕۆپاگه‌نده‌یه‌ك زیاتر هیچی تر نییه‌ و بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵكه و‌، موزایداتی سیاسیی له ‌پشته‌، داوای هاوكاری ده‌كه‌ین و به‌رپرسانه‌ هەڵسوکەوت له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌دا بكه‌ن، با ته‌ندروستیی گشتی نه‌خرێته‌ مه‌ترسی".

"له‌ ڕۆژانی دووه‌م و سێییه‌می جه‌ژن ڕه‌چاوی وه‌رزی كشتوكاڵ و دروێنه‌ی گه‌نم ده‌كه‌ین، ئه‌مڕۆ به‌یانێك ده‌رده‌چێت بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ی دروێنه‌ و ده‌ڕاسه‌یان هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی ئەو جووتیارانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانن ئاسانكارییان بۆ ده‌كرێت و عەلوه‌كان و نانه‌واكان له‌ دووه‌م ڕۆژی جه‌ژن ده‌كرێنه‌وه‌، ده‌رمانخانه‌كانه‌ و نه‌خۆشخانه‌كان كراوه‌ ده‌بن، ڕێگه‌ی هاتوچۆ به‌ ڕۆژنامه‌نووسان ده‌درێت." ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وای گوت.

وزیری ناوخۆ گوتیشی: "قه‌ده‌خه‌ی هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان توانی ڕێگه‌ بگرێت له‌وه‌ی توشبووی پارێزگاكان نه‌خۆشییه‌كه‌ بگوازنه‌وه، پاش جه‌ژن قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ نامێنێت".‌

عه‌زیز ڕه‌سووڵ