هەواڵی کوردستان ئێستا

لیوا قارەمان: هاوپەیمانان چەك و تەقەمەنییان بۆ دوو لیوای پێشمەرگە رەوانە كردووە

لیوا قارەمان: هاوپەیمانان چەك و تەقەمەنییان بۆ دوو لیوای پێشمەرگە رەوانە كردووە
لیوا قارەمان: هاوپەیمانان چەك و تەقەمەنییان بۆ دوو لیوای پێشمەرگە رەوانە كردووە

2020-05-27 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆك ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە گوتی، دوو لیوای هێزی پێشمەرگە، كە هاوپەیمانان ئامادەیان دەكەن، دیاریكراو و ئامادەن و هاوپەیمانان زۆرینەی كەلوپەل و پێداویستی و چەك و تەقەمەنییان بۆ رەوانە كردوون.

لیوا قارەمان كەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، هاوپەیمانان بڕیاریان دابوو كە دوو لیوای هێزی پێشمەرگە ئامادە و پڕچەك بكەن و، ئامادەكردنی ئەو دوو لیوایەش دەستی پێكردووە و پێداویستییەكانیشیان هەمووی لەسەر هاوپەیمانانە.

جێگری سەرۆك ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "هاوپەیمانان بەردەوام پێداویستیی سەربازی لە چەك و تەمەنی بۆ ئەو دوو لیوایە رەوانە دەكەن  و تاوەكو ئێستاش زۆرینەی پێداویستیی ئەو دوو لیوایە گەیشتوونەتە وەزارەتی پێشمەرگە و بەشێكی كەمی ماوە بگات، بۆیە ئەوەی ماوە ئەویش رەوانە دەكرێت تاوەكو بە تەواوی ئامادە دەكرێن".

لیوا قارەمان باسی لەوەش كرد، هەردوو لیواكە لە وەزارەتی پێشمەرگە ئامادە كراون و چاوەڕێ دەكەین تەواوی پێداویستی و كەلوپەل و چەك و تەقەمەنییەكان بگات، كە ئەوكات مەشق و راهێنانیان پێدەكرێت و پێداویستی و چەك و تەقەمەنییان بەسەردا دابەش دەكرێت، كە هاوپەیمانان رەوانەیان دەكەن.

لە ماوەی ڕابردوودا هاوپەیمانان بڕیاریان دا كە لەسەر ئەركی خۆیان دوو لیوای هێزی پێشمەرگە ئامادە و پڕچەك بكەن و هەموو پێداویستییەكی ئەو دوو لیوایەش خۆیان دابینی بكەن، كە لە ئێستادا ئامادەكردنی ئەو دوو لیوایە دەستی پێكردووە.

 

بڵند ئیبراهیم