هەواڵی کوردستان ئێستا

بۆ پشووێکی بە سوود و دڵخۆشکەر

بۆ پشووێکی بە سوود و دڵخۆشکەر
بۆ پشووێکی بە سوود و دڵخۆشکەر

2023-07-20 00:00:00 - سەرچاوە: بێریوان عەبدوڵڵا عومەر

پشووی هاوینە بۆ منداڵان کاتێکی باش بۆ بەدەستهێنان و ئامانجە دواخراوەکان دابین دەکات، بەڵام زۆرینەی منداڵان کاتەکانیان بەفیڕۆ دەدەن ئەویش بە پشوودان و چێژوەرگرتن. پشوی هاوینە ئەو کاتەیە کە ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەکادیمی و پیشەیی کۆتایی دێت و تاک لە سنووردارکردنی کات و ئەرکەکان ئازاد دەبێت.

پشووی هاوینە بۆ ئیمەی گەورە تاکە بۆنەیە کە رێگە بە بەسەربردنی زۆربەی رۆژەکە دەدات لەگەڵ خێزان و منداڵەکانمان، بەڵام ئایا بەسە لە یەک ماڵ یان ژووردا بین بە شانازییەوە بڵێین کە کاتێکی خۆش لەگەڵیان بەسەر دەبەین! بێگومان نا! بە تایبەتی منداڵان زۆر حەز دەکەن هەست بە سەرنجی دایک و باوکیان بکەن و یاری هاوبەش بکەن و کاتێکی خۆش بەسەر بەرن. پەیوەندی لەگەڵ منداڵدا زۆر هەستیارە و بە وردەکارییە سادەکان کۆنتڕۆڵ دەکرێن کە ڕەنگە هەندێکجار بەلای ئێمەوە بێ بایەخ دەرکەون، بەڵام کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر کەسایەتییان و ڕەفتاری منداڵ دا هەیە کەواتە بەس نییە منداڵەکان ببەین بۆ سەیرانگا یان پارکێک و ئایسکرێم یان شتی تریان بۆ بکڕین تا بڵێن ئێمە وەک دایک و باوک ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین بەڵکو دەبێت فاکتەرە دەروونی و سۆزدارییەکانی منداڵان لەبەرچاو بگیرن.

لەم کاتەی ساڵدا زۆربەی خێزانەکان سەریان لێ شێواوە: دەبێت چاوەڕوانی چی لە منداڵەکەم بکەم لە پشوودا؟ منداڵەکەم چاوەڕوانی چی لە ئیمە دەکات لە پشووەکەی؟ زۆربەی منداڵان پێیان وایە پشووەکان کاتێکی تەواو و گونجاون بۆ پشوودان و بەسەربردنی کات بە خەوتن، ئەمە جگە لە یاریکردنی یارییە ڤیدیۆییەکان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێکی زۆر. لە ڕاستیدا دەتواندرێت سود لە پشوی هاوینە وەربگیرێت و وەک کاتێکی زێرین سەیری بکرێت ئەمەش بە هاوبەشی نێوان و خێزان و منداڵەکە دەبێت بە جۆڕێک کە چەند هەڵبژاردەیەک بدرێتە بەردەم منداڵەکە کە سودی بۆ منداڵەکە هەبێت و چێژ بەخشیش بێت.

خشتەیەکی ڕۆژانە لەگەڵ چەند چالاکی و بیرۆکەیەک کە دایکان و باوکان دەتوانن سودی لێوەربگرن بۆ ڕێنماییکردنی منداڵەکانیان  یارمەتی دەدات لە ڕێکخستنی کاتەکانی منداڵ  و ڕادێت کە هەر چالاکیەک کاتێکی دیاریکراوی هەیە، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات کە  دەبێت فێری چالاکییە نوێ و سادەکان بێت بە ڕێنماییکردنی دایک و باوک بە بەهێزکردنی چالاکیەکی دیاریکراو، وەک فێربوونی بەرنامەیەکی نوێ لەسەر کۆمپیوتەر، چۆنیەتی دروستکردنی نانی بەیانی، یان یارییەکانی کۆکردنەوە و هەڵوەشاندنەوە کە بێ گومان لێهاتوویی منداڵ زیاد دەکەن تەندروستی دەروونی، زیادکردنی زیرەکی، و ئەرکەکانی تر کە دەتوانیت لە خشتەی هاویندا بیخەیتە ناویەوە، بێگومان بەپێی پێویستی منداڵەکانت.

چەندین بیرۆکەی جیاواز و جۆراوجۆر هەن، کە چەندین چالاکیی خۆش و بەسوودن بۆ منداڵان و دایک و باوکانیش لە خۆ دەگرێت، کە دەتوانن بە درێژایی پشووی هاوین پراکتیز بکرێن وەکو وەرزش، منداڵانیش وەک گەورەکان زۆر حەز بە وەرزش دەکەن و یاری گروپی و یاری تاکەکەسی چالاک دەکەن، پشووی هاوینە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ڕۆژانە هەندێک کات بۆ وەرزش و چالاکییە جەستەییەکان تەرخان بکەن. منداڵان زۆر حەز بە وێنەکێشان دەکەن و لەم ڕووەوە دەتوانرێت شوێنێک لە ماڵەکەدا تەرخان بکرێت کە ببێتە جێگایەکی تایبەت کە تێیدا منداڵ هەست بە سەربەخۆیی خۆی و گرنگی ئەو تابلۆیانە بکات کە بە ئەنجام دەگەیەنێت و لێرەشدا ڕۆڵی دایک و باوک لە دابینکردنی وێنەکێشاندا دێتە ئاراوە پێداویستی و هاندان و بەهێزکردنی ئەرێن. ئەگەر خاوەنی باخچەیەکی بچووک، یان تەنها شوێنێکی بچووکی  لە ناو ماڵەکەت، دەتوانیت لەگەڵ منداڵەکانت بەشداری بکەیت لە چاندنی ڕووەک و گوڵ و چاندنی  نەمام، ئەم چالاکییانە زۆر گرنگن لە ئاشناکردنی منداڵ بە گرنگی پاراستن ژینگە و سروشت، جگە لە ڕۆڵی لە پەرەپێدانی لایەنی هەستیاری کەسایەتییەکەی.وە ئامادەکردنی بۆ کاری خۆبەخشانە لە بواری ژینگەدا. هەروەها دەتوانیت منداڵەکەت فێری چاندنی هەندێک سەوزە یان ڕووەک  بکەیت بۆ ئەوەی حەزی لە هەموو شتێک بێت کە تەندروست و سروشتی بێت. زۆر باش دەبێت کە منداڵەکان جارجارە چێژ لە چێشت لێنان وەربگرین لەژێر چاودێری ئێمەدا، بە بەکارهێنانی هێلکە و پەنیر و سەوزە و میوە چەند کەرستەیەکی سادە، ئەم شێوازە زۆر کاریگەرە لە هاندانیان بۆ خواردنی ژەمە تەندروستەکان لە هەمان کاتدا گەشەکردنی لێهاتوویی ئەوان. منداڵان زۆر حەز بە یارمەتیدانی کارەکانی ماڵەوە دەکەن بەتایبەت کچان، دەکرێت چەند ئەرکێکی سادەیان پێ بسپێردرێت بۆ ئەوەی ڕاهاتن بە پشتبەستن بەخۆیان و پەرەپێدانی ڕۆحی هاوکارییەکانیان. ماڵەکانمان بێ تابلێت و مۆبایلە زیرەکەکان نین، بۆیە بەکارهێنانیان بۆ سودی منداڵ لە پشووی هاویندا شتێکی چارەنووسسازە و ڕۆڵی ئێمە وەک دایک و باوک لە گەڕان بەدوای ئەپڵیکەیشنی گونجاودایە کە بۆ ماوەیەکی کەم و دیاریکراو بە پێی تەمەن و کاتی دیاریکراو بۆ منداڵەکانمان دەتوانن سودی لێوەربگرن کە  خۆشی و فێربوون تێکەڵ بکات.

لە کۆتاییدا ئەوەی کە جەختی لەسەر دەکرێتەوە و هەروەها زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان گرنگیی دۆزینەوەی کاتێکی پێویست بۆ گفتوگۆ لەگەڵ منداڵەکانیان لەلایەن دایک و باوکانەوە پشتڕاست دەکەنەوە، جا چ لە پشوودا بێت یان کاتەکانی تر، بۆ ئەوەی گوێ لە نیگەرانییەکانیان بگرن و گفتوگۆیەکی بنیاتنەر بکەنەوە کە هانیان بدات بەبێ سنووردارکردن بیرۆکەکانیان بەیەکەوە باس بکەن، چونکە یەکەمجارە هەنگاو بنێن بەرەو یەکگرتوویی و بەهێزکردنی پەیوەندییە خێزانییەکان لە نێوان ئەندامانی یەک خێزان.