هەواڵی کوردستان ئێستا

حیزبی تەندرووست، کادر و سەرکردەی بەرپرسیار و تەندرووست

حیزبی تەندرووست، کادر و سەرکردەی بەرپرسیار و تەندرووست
حیزبی تەندرووست، کادر و سەرکردەی بەرپرسیار و تەندرووست

2023-09-25 19:20:40 - سەرچاوە: بەهرۆز جەعفەر

حیزبی تەندرووست، کادر و سەرکردەی بەرپرسیار و تەندرووست، سیاسەت و ڕوئیای تەندرووستی بۆ قۆناخەکە هەیە. قۆناخەکە قۆناخی زیرەکی دەستکردە کە مرۆڤایەتی پێی تێخستوە، سەردەمی وێناکردنەوەی سیستەمی هەرێمایەتی و جیهانیی نوێیە؛ کە پەیوەندییەکانی هێز و ململانێکان بە جۆرێکی دیکە دەبن. ئەوە مەرجی یەکەمە؛ بۆ ئەوەی هەر- حیزبێک بیەوێ لە کۆنگرەیەکەیدا، لە کۆنفڕانسەکەیدا قسەی بۆ خۆی و بۆ چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە هەبێت.

لە ساڵی (٢٠١٩) لە دەرەوەی وڵات بووم، دۆستێک تەلەفۆنی کرد؛ لە کۆنگرەدا خۆی بۆ سەرکردایەتی هەڵدەبژێرێ! وەک تێبینیم کرد، زیاتر مەبەستی ئەوە بوو کە نایهاڕن و تووشی دۆخێک نابێت کە دواتر پەشیمان بێتەوە هاتۆتە سەر ئەم زەویە! من پێموت؛ بابەتەکە تۆ نیت، ئەگەر حیزبەکە حیزبێکی تەندرووست بێت و کاریگەری نیشتیمانیی و زانستی و سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتی هەبێت، ئەوە تۆ ئەندامێکی ئاسایی بیت هێندەی سەرکردەیەک کارایی و بایەخت هەیە؛ خۆ- ئەگەر حیزبەکە بێسەروبەر بێ و ناوچەکەی ژێر دەستەڵاتی بۆشایی سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی و زانستی هەبێت، کەس ئاگای لەکەس نەبێ و کەس بە کەس نەبێ؛ ئەوە تۆ ئەندامی مەکتەبی سیاسیش بیت ئەوەندەی هاوڵاتییەکی ئاسایی بایەخ و بەهاو کاریگەریت نییە. دواتر بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و مانگ و ساڵ هات؛ ئەو لەدەیان کۆبونەوەو بۆنەی جیاوازدا ئەم قسەیەی گێڕاوەتەوە. ئەو نموونەیە بۆ حکومەت و بۆ هەموو کوردو کوردستانیش هەروایە؛ ئەگەر کوردستان بەهێزبێ و تاکەکانی خۆشگوزەران و ئاسایشەکەی بەرقەرار و ئابورییەکەی هەمەچەشن بێت؛ ئەوە چ پێویست ناکات تۆ وەزیرو سەرکردایەتی بیت، هەرچییەک بیت کاریگەری خۆت هەیە.

قسەیەکی تر هەیە، کە دە- دوانزە ساڵ پێشتر نووسیومە؛ هەموو شت پەیوەستە بە "کات" ەوە، هەموو شت "زەمەن" دیاری دەکات؛ تۆ هەرکەسێک بیت، هەر حیزب و حکومەتێک بیت؛ خۆت دەگۆڕی "بەسەرچاو" خۆشت ناگۆڕی "زەمەن چارەسەری بۆ هەموو شت پێییە".

بەرپرسیارێتی پێش ئەوەی پیشە بێت سەوابیت و ئەخلاقە؛ بۆ نموونە؛ کەسێک بۆ ئەوەی ببێتە ئاسنگەر یان دارتاش؛ پێویستە ماوەیەک شاگرد بێت و چەند جارێک بزمار چووبێت بە دەستی دا، ئینجا دەبێتە وەستا، ناکرێت سیاسەت هونەری دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلێک بێت؛ تۆ لە ڕێوە بێیت ببیت بە وەستا!؟ کۆمەڵگەی کوردیی لەو دیاردەیەی زۆرە، کە ڕاگەیاندراوێک بڵاوبکەیتەوە، پێویستت بە دوو پزیشک یان پارێزەری ڕاوێژکار یان ئابوریناس هەیە؛ سەدان کەس بێ ئەوەی چ لە مەسەلەکە بزانن ناوی خۆیان دەنووسن!