ڕۆژی یەکشەممە 12ی مانگی یەکی 2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەی پیسبوونی کەش و هەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک چوار بڕیاری دەکرد، ڕێکخراوە ژینگەییەکانیش دەڵێن ئەمە سێیەم جارە بڕیار دەردەکرێت کەچی وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت. بە گوێرەی ڕاگەیەندڕاوێکی حکومەتی هەرێم، مەسرور بازرانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا چوار بڕیاری دەکرد و بڕیارەکان بریتین لەمانە، لە ئەمڕۆوە واتا 12ی مانگی یەکەوە هەر پاڵاوگەیەک، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەکان کاربکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر. لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە ڕێگە لە هەر پاڵاوگایەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئۆتۆمبیل بەرهەمدەهێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستی هەیە، هەروەها دەبێ سنورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ( الغاز المصاحب) لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت، هەروەها دەبێت خاوەنی مولیدەکانی کارەبا، پابەبەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت، هەر کەسێک سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، چوارەم ڕێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێنرێت. ئەم بڕیارانەی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک یەکەم بڕیار دێت لە دوای ئەوەی ڕۆژی 12ی مانگی یانزەی 2024، کۆنفرانسی cop29 لە وڵاتی ئازەربایجان بەڕێوەچوو و تێدا سەرکردە و شاندی زیاتر لە 150 وڵاتی جیهان تێدا بەشداربون، لە کۆنفرانسەکە بەوردی تیشک خرایە سەر دواین گۆڕانکاریەکانی کەشو هەوا و مەترسی و چارەسەرەکان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی حکومەتی هەرێمیش لە کۆنفرانسەکە ئامادەبوون. مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەو بڕیارانەی کە دراون کارێکی باشن، بەڵام زۆر دواکەوتووە هەموومان دەزانین پاڵاوگە نایاساییەکان بەتایبەت لەسنوری هەولێر بەپێ ئامارەکان لە 2018 نزیکەی 460 پاڵاوگە لە هەرێمی کوردستاندا هەبوون و زۆرترینی کەوتووەتە سنوری هەولێر و دهۆکەوە و ژمارەکەش زیادی کرد، بەڵام دوای ئەو چەند ساڵە تازە حکومەت ئەو بڕیارە دەردەکات." وتیشی،" هەرچەندە بۆ بابەتی ژینگەی درەنگیش بێت بڕیارەکان، بەڵام هەر ئاساییە و کات ماوە لە دوو جاری دیکەش کە سەرۆکی حکومەت بڕیاریداوە کە پاڵاوگە نایاساییەکان ڕاستەوخۆ دابخرین، کەچی بەپێی ئامارەکان و فەرمانگەی ژینگەی هەولێر تاوەکو ئێستا لە کۆی 138 پاڵاوگە لە هەولێر تەنها 50 یان داخراوە کە بەڕاستی ئەمە پێویست دەکات یەکسەر بە دەرکردنی بڕیارەکە دابخرێت نەک لیژنە سەردانیان بکات و دواتر بڕیاریان لەبارەوە بدرێت." ڕۆژی 4ی مانگی هەشتی 2024، پارێزگاری هەولێر لە ژێر فشاری پیسبوونی ژینگەی هەولێردا بڕیاری داخستنی "138 پاڵەوگەی نایاسایی" ڕاگەیاند و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمیشی بەوە تۆمەتبار کرد کە گرێبەستیان هەیە لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نایاساییانە و کەرەستەی نەوتی ڕەشییان بۆ دابین دەکەن. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەوکات، لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا حەوت بڕیاری لە بارەی ژینگەی هەولێر خستەڕوو و ڕایگەیاند، "بڕیاردرا بە داخستنی 138 پاڵەوگەی نایاسایی کە لە سنورەکەدا هەن و هەر خاوەن پاڵەوگەیەک پێیەوە پابەند نەبێت ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و سزای توند دەبێتەوە." بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم، 3 هەزار و 919 کارگەی مامناوەند و بچووک لە هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە، لەو ژمارەیەش 2 هەزار و 320 کارگەیان لە کاردان. زۆرینەی ئەو کارگانەی لە کاردان دەکەونە سنوری پارێزگای هەولێر و بریتین لە هەزار و 200 کارگە، ئەمە جگە لەو کارگە و پاڵاوگانەی کە بە نایاسایی لە سنورەکە کاردەکەن و پیسکەری ژینگەن. سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد هەموان دەزانن ئەو پاڵاوگانەی کە تائێستا هەن هیچ مەرجێکی نەک ژینگەییان تێدا نیە، بەڵکو مەرجی یاسایشیان تێدا نیە. دەشڵێت،" بەشێکی گرفتەکان پاڵاوگە نایاساییەکانن، ئەگینا هۆکاری تر زۆرن بۆ پیسبوونی کەش و هەوای کوردستان، لەوانە لە هەرێم، نزیکەی حەوت هەزار مۆلیدە هەیە لەو ژمارەیە 2500 یان لە هەولێرن و کارەبا بەرهەم دەهێنن و پیسکەری ژینگەن، هەروەها نزیکەی یەک ملیۆن ئۆتۆمبیل هەیە، بۆیە پێویستە ڕێگا چارە بۆ ئەمانەش بدۆزرێتەوە و بڕیارەکان باشن بەڵام هەست دەکەین جێبەجێکردنیان خاوە و وەک پێویست نین. وتیشی، "لە ڕۆژی دەرچوونی ئەم بڕیارەوە کار بەو گرێبەستانە ناکرێت کە لەنێوان پاڵەوگە نایاساییەکان و وەزارەتی سامانە سروشتیەکاندا کراوە و داوا دەکەین وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کەرەستەکانی نەوتی ڕەشیان پێ نەدەن و هیچ کەس و کۆمپانیایەک لای ئێمە گرنگ نییە، بەڵکو هاووڵاتیانی شاری هەولێر لای ئێمە و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنتگرن." ژینگەی هەولێر بە بەردەوام قسەی و باسی زۆری لە بارەوە دەکرێت و بە بڕوای چاودێرانی ژینگەیی و پزیشکان یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکیەکانی تووشبونی مرۆڤ بە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان، دیارتریشنیان نەخۆشی شێرپەنجە، بۆ پیسبوونی هەوا و ژینگە دەگەڕێتەوە. بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2023 ڕێژەی توشبوانی شێرپەنجە گەشتوووەتە 9 هەزار و 911 کەس و لەو ژمارەیەش 4 هەزار و 304 کەسیان لە هەولێرن. پزیشکانیش دەڵێن جگە لە دوکەڵی کارگەکان، مۆلیدەی گەڕەکەکان "بۆمبێکی دیکەن" و هۆکارێکن بۆ پیسبوونی ژینگە. بە پێی مادەی 42 لە یاسای ژمارە هەشتی ساڵی 2008، هەر پرۆژەیەک ئەگەر پیسکەری ژینگە بوو، دوای سەردانکردن و ئاگادارکردنەوەی لەلایەن دەستەی ژینگەی هەرێمەوە، سزا دەدرێت بە بڕێک پارەکە تا دەگاتە داخستنی.