بەهۆی ئاگرەکەی لۆس ئانجلسەوە هەتا ئێستا 16 کەس گیانییان لە دەستداوە

دوایین نوێکردنەوە 2025-01-12 17:45:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

بەرپرسانی تەندروستی لۆس ئانجلس دەڵێن ژمارەی گیان لە دەستدانە پشتڕاستکراوەکان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە کێویییەکەوە بەرزبووەتەوە بۆ 16 کەس، پێشتر 11 حاڵەتی گیان لە دەستدان پشتڕاست کرابوونەوە. ئۆفیسی پشکنەری تەندروستی وتی پێنج کەس لە حاڵەتە نوێیەکان بەهۆی ئاگرەکەی پالیسەیدسەوە بوون و 11 کەسییان بەهۆی ئاگرەکەی ئیتنەوە گیانییان لە دەستداوە. کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە ڕۆژی شەممە پێشبڕکێیان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەورەترین و وێرانکەرترین ئاگر لە لۆس ئانجلس کە ئاڕاستەکەی گۆڕیوە و بە نزیکەی 400 هێکتار گەشەی کردووە. پێشبینی دەکرێت بای سانتا ئانا کە سووتەمەنی ئاگرەکە بوو، بگەڕێتەوە. ڕۆژی شەممە 11 حاڵەتی گیان لە دەستدان پشتڕاست کرابوونەوە، لانیکەم 13 کەس بێسەروشوێنن و زیاتر لە 12,000 خانوو و بینا لە ناوچوون. بەرپرسان هۆشدارییان داوە لەسەر ئەوەی کە ڕەنگە ژمارەی گیان لە دەستدانەکان زیاتر ببێت. ڕۆژی شەممە فڕۆکەکان و هێلیکۆپتەرەکان پێکەوە کارییان دەکرد و ئاوییان بەردەدایە خوارەوە و یارمەتی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەیان دەدا لە ماندڤیل کانیەن، لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ئاگرەکەی پالیسەیدس. گۆڕانی ئاگرەکەی پالیسەیدس کە گەورەترین ئاگرە لە پێنج ئاگرەکەدا، فەرمانی چۆڵکردنی لێکەوتەوە، فەرمانی چۆڵکردن بۆ گەڕەکەکانی برێنتوود و ئینسینۆ و دامێنی دۆڵی سان فێرناندۆ دەرچووە. ئاگرەکە هەڕەشەی لەسەر مۆزەخانەی جەی پۆڵ گێتی و زانکۆی کالیفۆرنیا لە کامپی لۆس ئەنجلس دروست کردووە. بەرپرسی ئاگرکوژێنەوەی کالیفۆرنیا تۆد هۆپکینز وتی لە سەدا 11 ی ئاگرەکەی پالیسەیدس کۆنتڕۆڵ کراوە. دووەم گەورەترین ئاگر، ئاگرەکەی ئیتن، لە سەدا 15 ی کۆنتڕۆڵ کراوە. ئاگرەکانی پالیسەیدس و ئیتن بە وێرانکەرترین ئاگر دادەنرێن لە مێژووی لۆس ئانجلسدا. دوو ئاگرەکە پێکەوە نزیکەی 145 کیلۆمەتر چوارگۆشە خاکییان سووتاندووە و نزیکەی 12,000 خانوو و بینایان لە ناوبردووە. بەپێی ڕۆژنامەی لۆس ئانجلس تایمز، ئاگرکوژێنەوەی کالیفۆرنیا ڕووبەڕووی پێنج ئاگرکەوتنەوەی کێوی بووەتەوە لە ناوچەی لۆس ئانجلس: ئاگرەکانی پالیسەیدس، ئیتن، هێرست، لیدیا و کێنیث. تاوەکو ڕۆژی شەممە ئاگرەکەی کێنیث لە سەدا 80 ی کۆنتڕۆڵ کراوە، ئاگرەکەی هێرست لە سەدا 7 ی کۆنتڕۆڵ کراوە و ئاگرەکەی لیدیاش لە سەدا 100 کۆنتڕۆڵ کراوە.