قۆپیەكردن و ڕێسای گشتاندنی كانت
نوعمان محمد ئهلماس
- هەرچەند پیاو تاقەتی قسەكردن و نوسینیشی لە نێو ئەم هەموو پوچییەدا نیە، بەڵام خاڵی جێ سەرنج ئەوەیە كە بابەبەتە نا ئەقڵانی و نا ئەخلاقییەكان وا دەبنە جێ شانازی.
بەپێی نەخشەكەی ئیمانوێل كانت ، ئەخلاق چەند بنەما و رێسایەكی هەیە، یەكێكیان بریتییە لە گشتاندن، بەو مانایەی رەفتارێك ئەخلاقییە كە بكرێ وەك رێسایەكی گشتی هەمووان جێبەجێی بكەن، بە جۆرێك لە كاتی بە رێسابوونیدا خۆی خۆی هەڵنەوەشێنیتەوە.
ئەگەر دزیكردن ببێتە رێسای گشتی ئیدی كەس بە خاوەن ماڵ نامێنێت، ئەگەر قەرزكردن بە نیەتی نەدانەوە ببێتە رێسای گشتی ئیدی قەرزپێدان كۆتایی دێت، ئەگەر گزیكردنیش ببێتە رێسای گشتی ئیدی پرۆگرام و سیستمی خوێندن یش نامێنێت.
جا باسكردن لەوەی من باسی رەفتارە نا ئەخلاقییەكانی خۆم دەكەم لە ڕابردوودا لە بەر ئەوەی راستگۆم یان بە جورئەتم مانایەكی نیە، چونكە راستگۆیی و جورئەتەكەم لە كاتی گزیكردنەكەدا نەبووە، بەڵكو لە كاتێكدایە كە من لەو قۆناغە تێپەریوم.
لەوەش بێناماناتر لە رووی ئەقڵییەوە ئەوەیە پاش ئەوەی لۆمە دەكرێم و فشارم بۆ دەهێننن، دەڵێم هەمووتان ئەوەتان كردوووە، واتە بێ ئەوەی بە خۆم بزانم دەمەوێ ئەو رەفتارە وەك رێسایەكی گشتی وێنا بكەم، نەك لەبەر ئەوەی خۆی رێسایەكی گشتییە بەڵكو لەبەر ئەوەی جارێكی دی دەمەوێ گزی لە خەڵك بكەم و تۆمەتباریان بكەم تا خۆم قوتار بكەم. هەر بۆیە ئەوە بەدیهییە كە هەرگیز راستگۆیی لەگەڵ گزیكردن و فێڵ كۆنابێتەوە.