هەواڵی کوردستان ئێستا

ئێران و حکومەتەکەی ئیتار!

ئێران و حکومەتەکەی ئیتار!
ئێران و حکومەتەکەی ئیتار!

2023-07-16 00:00:00 - سەرچاوە: عادل باخەوان

هەفتەی رابردوو، ئێران بەشێوەیەکی کاتی هەناردەکردنی گازی سپی بۆ عێراق، کە کارەبای پارێزگاکانی باشووری عێراقی پێ دابیندەکرێت، راگرت و نزیکەی پەنجا لە سەدی کارەبای کۆی ئەو پارێزگایانە بڕا، لەکاتێکدا پلەی گەرما لە پارێزگای بەسرە گەیشتە پەنجا! بەڵام ئەم دۆخە بەخێرایی کۆتاییهات و ئێران و عێراق رێککەوتنێکی نوێیان بۆ شەش مانگ لەسەر گۆڕینەوەی نەوتی رەشی عێراقی بە گازی سپی ئێرانی واژۆکرد و لێرەوە هەناردەکردنی گاز دەستیپێکردەوە.

بەڕاستی ئێران بۆچی لەم ساتەوەختە ناسکەدا ئەم هەنگاوەینا و لەبەرچی بەخێراییش چارەسەری کرد؟ ماناکانی پشت ئەم هەڵوێستەی تاران چی بوون؟ ئایا عێراقییەکان، کەنداوییەکان، ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکان بەباشی ئەو نامەیەیان پێگەیشت کە کۆماری ئیسلامی مەبەستی بوو؟

ئێران و حکومەتەکەی ئیتار

بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی سەرەوە، پێویستە ئێمە تەنها لەسەر لێوارەکان و ئەم دیوی پەردەکان و لەنێو رووناکییەکاندا نەوەستین، بەڵکو دەبێت بڕۆینە قوڵاییەکان و ئەودیو پەردەکان و نێو زۆنە تاریکەکان، چونکە بەشێکی زۆری ئەو بڕیارە ستراتیژییانەی لە عێراقدا دەدرێن، سەرەتا لە رووبەری دووهەمدا گەڵاڵەدەکرێن، پاشان دەگەنە رووبەری یەکەم و خۆیان بە دەرەوە دەناسێنن.

نزیکەی نۆ مانگ لەمەوپێش و لەژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران، چوارچێوەی هاوئاهەنگی حکومەتێک دروستدەکات و سوودانی وەک سەرۆکوەزیران دەستنیشان دەکات. ئەو هەلومەرجەی نۆ مانگ لەمەوپێش حکومەتی تێدا دروستبوو، هەمان ئەو هەلومەرجەی ئێستا نییە و گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە.

سەرەتا خودی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەسەر دوو بلۆکدا دابەشبووە، بلۆکێک کە مالیکی سەرپەرشتیی دەکات و بلۆکێکی دیکەش عامری نوێنەرایەتی دەکات. جیاوازییەکانی نێوان ئەم دوو بلۆکەش زیاتر لەسەر سیستمی مەمەڵەکردنە لەگەڵ رەوتی سەدر، هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی پۆستە ئەمنییەکان، گرێبەستە گەورە ئابوورییەکان، پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا. جیاوازییەکانی نێوان ئەم دوو بلۆکە، واقیعێکی کۆنکرێتیی هەیە و تەنها بیناکردنێکی خەیاڵی نییە. تەنانەت لەنێو بلۆکی مالیکیشدا، جیاوازیی گرنگ و بەهادار لەنێوان عەسائیبی ئەهلی حەق و دەوڵەتی قانووندا، لەسەر کۆمەڵێک بابەتی جەوهەری لە ئارادان. بۆ نموونە، سەرکردەیەکی گەورەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە خودی خۆمی گوت: ئەگەر کات گەڕابووایەوە بۆ نۆ مانگ لەمەوپێش، هەرگیز قەیس خەزعەلی رازینەدەبوو بەوەی سوودانی ببێتە سەرۆکوەزیران و لە چەندین کۆبوونەوەدا گوتوویەتی، زۆر پەشیمانە لەوەی واژۆی لەسەر سوودانی کردووە!

بەڵام ئەوەی هەموو ئەم ئەکتەرە جیاوازانەی کۆکردووەتەوە و گەرەنتیی پێکەوەبوونیانە؛ کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو کارتانەیە کە وەک فشار، چ لەسەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی و چ لەسەر حکومەتەکەی سوودانی، بەکاریاندەهێنێت. ئێران وشیارە بەوەی، لەگەڵ سەردەمدا هەم جیاوازییەکان لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەرئاودەکەون و هەم ئاراستەکانی حکومەتیش، لەنێو هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. 

لێرەوە، سیستمی مامەڵەکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چ بەرامبەر ئیتار و چ بەرامبەر حکومەتەکەی، بریتییە لە چاودێریکردنێکی بەردەوامی هەموو جوڵە و دۆخەکان و ئاگادارکردنەوەی هەردووکیان لە کات و شوێنی خۆیدا و بەڕێگا و شوێنی جیاوازدا و تێگەیاندنیان لەوەی لە هیچ هەلومەرجێکدا و بەهیج بیانوویەک، نابێت و بۆیان نییە ئەو پەراوێزانە بەجێبهێڵن کە بۆ جوڵە و مانۆڕەکانیان دەستنیشانکراون، ئەگەرنا لە هەر ساتێکدا بیەوێت، دەتوانێت (کەڵەکەکەی) ئیتار بڕووخێنێت.

هەڵوێستی ئێران لەسەر گرێبەستەکەی تۆتال: نۆ ملیار دۆلار ساڵانە زیان دەکات!

لەسەردەمی حکومەتەکەی کازمییەوە تاوەکو ئەمڕۆ، دانوستانێکی چڕ لەنێوان بەغدا و کۆمپانیای تۆتالدا بەردەوامە و لە کۆتاییەکانی مانگی سێی ئەم ساڵیشدا، ئەم گرێبەستە واژۆکرا. دۆڕاوی یەکەمی ئەم گرێبەستە بریتییە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەگەربێت و وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەو نۆ ملیار دۆلارەی لە فرۆشتنی گازەکەی بە عێراق دەستی دەکەوێت، کۆتایی پێدێت. لەدەستدانی نۆ ملیار دۆلار، بۆ وڵاتێکی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران، کە ئەژنۆی ئابوورییەکەی لەسەر زەوییە، زیانێکی یەکجار گەورەیە و قبووڵکردنی زۆر ئەستەمە.

لە هەمان کاتدا، عەقڵی ساردی دەوڵەتی ئێرانی تەواو وشیارە بەوەی نابێت، بەلای کەمەوە لەسەر ئاستی رێککەوتنە تیۆرییەکان، گرفت بۆ حکومەتەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دروستبکات، بەپێچەوانەوە دەبێت ئەو وەهمە لای وڵاتانی سیستمی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دروستبکات، کە عێراق وڵاتێکی سەربەخۆیە و دەتوانن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.

لەدەرەوەی ئەم وەهمە، ئێران رێگە بەهیچ شتێکی دیکە نادات، بەپێچەوانەوە، بەهێزترین گریمانە ئەوەیە؛ هەموو میکانیزمەکانی بەکاردێنێت بۆ ئەوەی شکست بەو گرێبەستە بهێنێت و هەلومەرجێک دروستبکات، کە خودی کۆمپانیای تۆتال گرێبەستەکە هەڵبووەشێنێتەوە و عێراق بەجێبێڵێت. 

ئەمریکا لەژێر چاودێریی تاراندا

هاوکێشەیەکی دیکەی ستراتیژی بریتییە لە جوڵانەوەی ئەمریکا لە سەردەمی حکومەتەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا. با ئێمە لە دوو بەڵگەنەویستەوە دەستپێبکەین. یەکەمیان بریتییە لەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەژێر زنجیرەیەک سزای ئابووریی ئەمریکادایە و هیچ کۆمپانیایەک ناتوانێت لەدەرەوەی ئەو سزایانە مامەڵە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بکات. دووەمیشیان بریتیە لەوەی چیدیکە کۆشکی سپی راستەوخۆ ئیدارەی دۆسیەی عێراق ناکات، بەڵکو کۆی دۆسیەکەی بە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵوێزی ئەمریکا لە بەغدا سپاردووە. 

لێرەوە، کەم هەفتە هەیە کە رۆمانوۆسکی لەڕێگای چەندین میکانیزم و ستراتیژیی ماکرۆئاراستەوە، هەوڵنەدات حکومەتەکەی سوودانی لە ژێر هەژموونی کۆماری ئیسلامی نەهێنێتە دەرەوە. دوو رۆژ لەمەوبەر، کەسایەتیێکی گەورەی واشنتۆن، زۆر نزیک لە ئیدارەی بایدنەوە، پێیگوتم ئەوەی رۆمانۆوسکی دەیکات کارکردنە لەسەر (تاقیکردنەوەی) حکومەتەکەی سوودانی و دروستکردنی هەلومەرجێکی بابەتیی وا، کە سوودانی ناچاربێت، بە نەرمی و دوو لە زەبروزەنگ، خۆی بدات بە دەستەوە.

کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بەوردی چاودێریی ئەم پرۆسەیە دەکات و هەوڵدەدات هەمان میکانیزم لەبەرامبەر ئەمریکا و حکومەتەکەی سوودانیدا بەکاربهێنێت. واتە دوور لە زەبروزەنگی فیزیکی، هەلومەرجێکی بابەتیی وا دروستبکات، بە نەرمی و ئارامی ئەوەی کە خۆی دەیەوێت، بەسەر عێراق و ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی کەنداودا فەرزی بکات.

لەراستیشدا، ئەو رێککەوتنەی هەفتەی رابردوو لەنێوان ئێران و عێراقدا واژۆکرا، سەرکەوتنێکی رێژەیی ئەجێندای ئێرانییە نەک ئەمریکی، چونکە بەپێی یەکێک لە بەندەکان، ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەبەر هەر هۆیەک نەتوانێت پابەندبێت بە ناردنی گاز بۆ عێراق، بەغدا دەبێت ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێبکات و لە هەموو دۆخەکاندا دەبێت ئەو رێژەیەی لە نەوتی رەش بۆی دیاریکراوە لە گرێبەستەکەدا، بۆ کۆماری ئیسلامیی بنێرێت.

لەنێو ئەو هاوکێشەیەدا، من پێموایە کۆماری ئیسلامی شانسی بردنەوەی زۆرترە لە ئەمریکایەک کە لەیەککاتدا دەیەوێت ئامادەبوونی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاڵبکاتەوە و خۆیشی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا فەرزبکات. کارتەکانی ئێران لە عێراقدا، زۆر بەهێزتر و کاراتر و دەوڵەمەندترن تا کارتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایەک کە تەنانەت ئامادەنییە بەرگری لە دۆستە هەرە نزیکەکانیشی بکات. بۆ نموونە کاتێک دوانزە مووشەکی بالیستکی زیرەک بەسەر هەولێردا بارین، بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بە ئەکتەرێکی باڵای هەرێمی کوردستانی گوتبوو: "ئێران پەلاماری ئێمەی نەداوە تاوەکو کاردانەوەمان هەبێت!" 

ئەمریکییەکان هەمان مامەڵەشیان لەگەڵ سعودیەی محەممەد بن سەلماندا کرد، کاتێک میلیشیاکان بە درۆن پەلاماری کێڵگە نەوتییەکانیان دا. لە دۆخێکی ئاوادا، کێ دەتوانێت جارێکی دیکە متمانە بە ئەمریکا و سیاسەتەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات و، کێ دەتوانێت بێباکبێت لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران؟