هەواڵی کوردستان ئێستا

قەڵادزێ و ژنە ئیشكەرەكانی

قەڵادزێ و ژنە ئیشكەرەكانی
قەڵادزێ و ژنە ئیشكەرەكانی

2023-08-05 00:00:00 - سەرچاوە: باسنيوز

بەشی پازدەیەم دوای كۆتایی

قەڵادزێ چەقی گوندە بە بەرهەم و ئاوەدانەكانی پشدەرە، ژن لەو گوندانە سەنتەری كاركردن بوو، ژنان سبەینان زوو ماڵاتیان دەدۆشی و تەویلەیان گەسك دەدا و هەتا قشپل و ڕیخ و تەرس و جیقنەی مریشكەكانیشان بە خەسار نەدەدا، یان ئاگریان پێ دەكردنەوە، یان دەیانكردنە تەپاڵە بۆ زستانێ، یان وەك پەین لەبن باخچەیان دەكرد و بە كێڵگەیان وەردەكرد.

ئەوانە تەنیا كاری هەتاوكەوتنانیان بوو، پێش ئەوانە بزن و مەڕ و مانگا و گامێش دۆشرابوون. جا شیریان دەدا بە منداڵ و نانی سبەینانیان دەدانا، بۆنی شیری كوڵاو دەچووە ناو كاریتە و مۆخی پیاو و دڵی منداڵانەوە. هەموو دەڕۆیشتن و ژن تەنیا ژن ماڵەكەی پاك دەكردەوە و هەر شتەی دەخستەوە شوێنی خۆی و دڵنیا لە ماڵەكەی، گۆلكە زەرد یان دوو كاریلە و بەرخێكی بەدوای خۆیدا دەدا و منداڵێكی لە پشتی دەبەست و كۆڵێك پێویستیی لەسەر سەر دادەنان و ملی ڕێگای سەر تووتن و باخچە و مەزرای دەگرت و دەڕۆیشت، هەر لە ڕێگا مەشكە دۆیەكیشی لەبن ئاوی سازگاری كانی دەنا، تا بۆ ژەمی نیوەڕۆ سارد بێت.


ئەوانە ژنەكانی گوندەكان بوون، قەڵادزێ، كە شارێكی گەورە و گران بوو، ژنەكانی لەچاو ژنانی گوند، شارستان و حەساوە و شاژن بوون، ئەوان چییان دەكرد و بەشدارییان چۆن بوو؟

تا ماوەیەكی درێژ سنووری ژن لە قەڵادزێ ناو حەوشەی ماڵ بوو، كە ژیان قورستر دەبوو، قوتابخانەش بەهۆی كتێب و قوتابییەكانەوە دزەی دەكردە ناو ماڵ، خێزانیش گۆڕاو و ژن هەنگاوێك هاتە دەرێ. زۆر لە ژنەكان هەر لەبەر دەرگا و بێڵای خۆیان دووكانیان دانا و مامەڵەیان دەكرد.

هەستانە سەرپێی ژنان

كۆمەڵێك ژن، كە مێردەكانیان كۆچی دواییان كردبوو، یان بەدەستهێنانی بژێویان سەخت بوو، هەستانە سەر پێ و لەدەرەوەی ماڵ دەستیان بە كار كرد.

پوور ئەستی دووكانی بەڕێوە دەبرد، یاخەیاڵ بە هونەرێك، كە تەنیا خۆی نهێنییەكەی دەزانی، تامێكی بە گوڵەبەڕۆژە دەبەخشی، كە گەنج و پیری شاری لە خۆی كۆ دەكردەوە، كە كاتی سازكردنی نانی ئێوارەش دەهات، سینییە گوڵەبەڕۆژەكەی لەبەر دەرگا جێ دەهێشت و مشتەرییەكان باخەڵیان لێ پڕ دەكرد و پارەكەشیان بۆ لەسەر سینییەكە دادەنا.

شرووبی و محەلەبیی دایكی لیرەی ژنی مام حەمەی، شتێك نییە تامیت لەبیر چێتەوە. ئەو ئەسپ و ئاسك و باڵندانەی پوور ئایشێی دایكی نەبەردی خێزانی سمایلەلاوی بە شیلە و شیرینی دروستی دەكردن، تا ئێستا وێنەیانم نەدیوەتەوە.

پوور غوربەت و حەلیمەی نانەوا گەڕەكیان پڕ كرد لە ژیان و نانیان بە تامی ژنەوە خستە سەر سفرەی ماڵەكان. ئەوان جگە لەوەی وەستا و شارەزای كارەكەیان بوون، جگە لەوەی بە شاریان گوت ئەو جۆرە نانە تەنیا ئیشی پیاو نییە و ئێمەش تێیدا سەردەستەین، جگە لەوانە هەمووی بژێویی خێزانەكانی خۆیان گرتە ئەستۆ و بە گەورەیی لەسەر دیواری شاریان نووسی:

”ژنیش بەرپرسیارێتیی بەخێوكردنی خێزان دەخاتە ئەستۆی خۆی“

” ژنیش خێزان بەڕێوە دەبات“

جگە لەوانە هەمووی، جووڵەیەكی ژنانەیان خستە ناو گەڕەك و دەنگ و باسی شار لەسەر تەندووری ئەوانەوە بڵاو دەبووەوە.

ئەوە جگە لەوەی ئامینە و حەپسەخانی حەمامچی بوون چڵكی منداڵانی شار و ژنانی شەوگەوزا و نازی نۆبووكیان بە ئاودا دەدا.

خونچەی سەید سەلیم بەوە نەوەستا ئیشی ژنانە بكات، دووكانی فافۆن و هەوڕی دانا و لەگەڵ خەسووی بازاڕیان بۆ هەموان ئاوەدان كردەوە.

یاڕابی بە لفكە ڕەنگینەكانی و كڵاو و كۆچكەی چنراو و هەزار ڕەنگەوە و ئایش گوڵێ و خاتوو ئامینە چەك ڕازانەوەی ژن و كچان، ناوساجیی یافاتم و ترشیاتی گوڵێ و ئایشە باریكە و فەخری خانی ئاغای غەفووری، شاریان كردە سەردەستەی شاران.

ئەوەی گرنگە، ژنەكان پەنایان بۆ كاری دێبەر و كشتوكاڵ نەبرد و لەسەر ڕێچكەی شار كاسبییان كرد، هەم خۆیان وەك كارێكتەری مەزن و ئیشكەر و سەربەخۆ ناساند، هەم سیفەتەكانی قەڵادزێیان وەك شار تا ئاستێكی باش بەرز كردەوە.

پوورە سەلمە ناوێكی درەوشاوەی شارە، فریشتەی نەوەخستنەوە بوو، شەو و ڕۆژ ئامادەی خزمەت و بەدەنگەوەهاتنی ژنانی لەسەر زان بوو. شەوانە فانۆسەكەی وەك مژدەی فریاكەوتن و مژدەی منداڵبوون لەوسەری كۆڵان دەردەكەوت.

ساڵەكەم لەبیر نییە، داكم ژان گرتی، ژانی منداڵبوون، چۆن پوورە سەلمە بگاتە ماڵمان؟

چوون بەدوایدا، هەر زوو گەڕانەوە، كووچەوكۆڵان گیراوە و هاتوچۆ یاساغە و چەكدار دەنگیان داین.

- ژان توندتر دەبێ، داكم دەگاتە حاڵی خۆی، دووبارە دەچنەوە، جاشێكی بەویژدان دەكەوێتە سەرڕێیان، ئەو دەڵێ بچن، مادام بۆ منداڵبوونە و مادام بۆ ماڵی پوورە سەلمەیە بچن، بەڵام لەوسەرەوە كە هاتنەوە با فانۆسێكتان بەدەستەوە بێ، تا بزانم ئێوەن و تەقەتان لێ نەكەین.

پوورە سەلمە بۆ ڕزگاركردنی ژنان و سەلامەتیی منداڵان، سینگی بە گوللەوە دەنا، دەنا كێ متمانە بە قسەی جاشێك دەكات!

ئەوە سەرەتای نەشونماكردنی شار بوو، دەنا دواتر شار بە مامۆستا ژنەكانی، بە سستەر و دكتۆرەكانی و فەرمانبەرە ژنەكانی ڕازایەوە.

ماڵێك ژنی تێدا نەبێ تام تۆزی لێدێت، شارێك ژنی تێدا نەبێت بۆنی مردن دەدا.