هەواڵی کوردستان ئێستا

ئێران گرنگی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا پشتگوێ دەخات و ئامادەیی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەکان ڕادەگەیەنێت

ئێران گرنگی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا پشتگوێ دەخات و ئامادەیی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەکان ڕادەگەیەنێت
ئێران گرنگی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا پشتگوێ دەخات و ئامادەیی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەکان ڕادەگەیەنێت

2024-11-06 18:45:22 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


دوابەدوای سەرکەوتنی دانۆڵد ترامپ لە هەڵبژرادنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، فاتمە موهاجیرانی وتەبێژی حکومەتی ئێران ڕایگەیاند ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمەریکا کاریگەریی نابێت لەسەر بژێوی ژیانی خەڵکی ئێران. بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوایی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە پێدەچێت ترامپ لە ڕێگەی توندکردنەوەی سزاکانی سەر پیشەسازی نەوتی ئێران، "سیاسەتی زۆرترین فشار"ی خۆی بسەپێنێتەوە و ئەو دەسەڵاتەش ببەخشێتە ئیسرائیل بۆ هێرش کردنە سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی و کوشتنی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە. بەگوێرەی ئاژانسی تەسنیمی نیمچە فەرمی ئێران، موهاجیرانی ڕایگەیاندووە "هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا لەڕاستیدا کاروباری ئێمە نییە، سیاسەتەکانمان جێگیرن و لەسەر بنەمای تاکەکان ناگۆڕدرێن. پێشتر پێشبینی پێویستمان کردووە و گۆڕانکاری لە بژێوی خەڵکدا ڕوونادات." سوپای پاسداران ڕاستەوخۆ کاردانەوەی نەبوو بەرامبەر بە سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا بەڵام ڕایگەیاندووە، تاران و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل. لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت تاران وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بداتەوە، عەلی فەدەوی جێگری سەرۆکی سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە "زایۆنیستەکان دەسەڵاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێمەیان نییە و دەبێ چاوەڕێی وەڵامدانەوەی ئێمە بن. کۆگاکانمان چەکی پێویستیان بۆ هێرشکردنە سەریانی تێدایە." ئاماژەی بەوەشکرد تاران هێرشێکی پێشوەختەی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ ئەوەی ڕێگری لە تۆڵەسەندنەوەکەمان لە ئیسرائیل بکات، ڕەتناکاتەوە. ترامپ لە خولی یەکەمی دەسەڵاتەکەیدا و دوای کشانەوەی لە پەیماننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان، کۆمەڵێک سزای زۆری بەسەر ئێراندا جێبەجێ کرد. سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکا لە ساڵی 2018دا کاریگەری لەسەر هەناردەکردنی نەوتی ئێران هەبووە، داهاتی حکومەتی ئێرانی کەمکردەوە و ناچاریکرد هەنگاوی نەگونجاو بنێت، وەک زیادکردنی باج و کورتهێنانی بودجە کە وایکرد هەڵاوسانی ساڵانەی بگاتە نزیکەی 40%. هەروەها تمەنی نیشتمانی ئێران بەهۆی سەرکەوتنی سەرۆکایەتی ترامپەوە بەرامبەر بە دۆلار لاواز بووە و بەهای دۆلارێک لە بازاڕی تاراندا گەیشتووەتە سەرووی 70 هەزار تمەن. سەرچاوە/رۆیتەرز