هەواڵی کوردستان ئێستا

قەرزی بەنکی و کاریگەری لەسەر دڵسۆزیی و پابەندیی هاووڵاتیان بۆ حکومەت

قەرزی بەنکی و کاریگەری لەسەر دڵسۆزیی و پابەندیی هاووڵاتیان بۆ حکومەت
یادگار ئیسماعیل

قەرزی بەنکی کاریگەری ئەرێنی لەسەر حکومەت و دەوڵەتداریی هەیە”

بەکارهێنانی قەرزی بانکی وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی پابەندیی و دڵسۆزی هاوڵاتیان پرسێکی فرەلایەنەیە کە کردارە داراییەکان لەگەڵ سیاسەت و ڕوانگە و ستراتیژی حکومەت تێکەڵ دەکات. لەو پرسە بەنکەکانی هەرێمی کوردستان نەیانتوانیووە ببنە بەشێک لە ستراتیژیەتی هەرێم و پێگە سیاسیی و یاساییەکەی. ئەمە کاریگەریی خراپی لەسەر پابەندیی هاووڵاتیان دەبێت، لە کاتێک تێبینی دەکرێت بەنکە ئێراقییەکان لەو یارییە سیاسیە مەبەستدار یان نا مەبەستە براوە بوون. بە گشتی وێڕای ئارامی و ئاساییش جێی نیگەرانییە کە بەنکەکان نەیانتوانیووە لە ئاست بانکە ئێراقییەکان یان ستانداردە جیهانییەکان بن لە پێدانی قەرز یاخود قەرزی درێژخایەن. کارلێکی ئەو سیاسەتە پەرتە ناپیشەییە دابڕاو لە جیهان لەسەر گشتی و پابەندی خەڵک بە قەوارەی سیاسیی و یاسایی هەرێم دەبێت، وەکو لە خوارەوە ڕوون کراوەتەوە.

“قەرز بەشێکە لە سیاسەتی دارایی هاوچەرخ و زامنی قازانجی درێژخایەنە”

قەرز رەنگە لە ڕووی سیاسەتی دارایی نەریتێکی ئەرێنی نەبێت، بەڵام بەشێکە لە سیاسەتی دارایی و ئابووری سەردەم و قازانجی بەردەوام. قەرز سوودی بۆ پڕۆژە و پلانی بچووک و مەزنی تاکەکان هەیە بەوەی فشاری دانەوە ناهێڵێت و تاکەکانیش لە رێگەی بانکەکان کە سوود لە ئارامیی و ئاساییشی هەرێم وەردەگرن، جۆرێک نامتمانەیی بەرجەستە دەکەن کە نە ناوبانگی خۆیان باشتر دەکەن نە.دەشتوانن هاریکار بن لە پەیڕەوکردن یان برەو پێدانی سیاسەتی ئابوری، دارایی، وەبەرهێنانی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە کاتێک کە تێبینی دەکرێت بەنکە ئێراقیی و عەرەبییەکان بە بوونیان لە هەرێم مانەوەی عەرەبەکان جێگیرتر دەکەن و زیان لە ستراتیژ و سیاسەتی هەرێمی کوردستان و حکومەت دەدەن.

قەرزی بەنکی لە وڵاتانی پێشکەوتوو زۆر پێنگاڤی سەردەمی بڕیووە و هاوبەشن لە بەرزکردنەوەی ڕادەی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان “

قەرزی بەنکی لە وڵاتانی پێشکەوتوو زۆر پێنگاڤی سەردەمی بڕیووە و هاوبەشن لە بەرزکردنەوەی ڕادەی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان و پابەندیی و هاوکات بەرزکردنەوەی ئاستی دڵسۆزیی و پێکەوەیی هاووڵاتیان. ئەم قەرزەش وا نەبێت تەنیا سوودی بۆ هاووڵاتیان هەبێت، بەڵکو لە رێگەی ئەو پارەیە وە، بەنکەکان سەرچاوەیەکی بەردەوامیی کۆکردنەوەی پارەیان دەبێت بۆ بەهێزکردنی توانستی بەنکی خۆیان و برەوپێدانی لقەکانیان.

بەنکەکانی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی گەشەکردوو و ناکامڵدان”

لە هەرێمی کوردستان وێڕای ئەوەی بەنکەکان لە ڕووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی ناکامڵ و گەشەکردوون، تەنانەت نەریتی مامەڵەکردنیان لاواز و پێوستی بە پێشخستنە، یان بە شێوازێکی دیکە لە رەوتی کاری بەنکی لە دوواوەن. بەنکە جیهانییەکان وێڕای پێدانی قەرزی درێژخایەنی قازانج نەویست، پاشەکەوت یان قازانجیش دەخەنە سەر بەکارهێنانی پارە خەزێنەکراوەکان. لە کوردستان و جیهانی ئیسلامی، جۆرە سیاسەتێکی دووفاق بەرجەستە دەکەن، چونکە لە لایەک بە پاساوی لە ئایین دەرچوون قازانج بە بریکارەکانیان نادەن و هاوکات جۆرە قۆرخکارییەکیش بەرجەستە دەکەن بەوەی سووی زۆر وەردەگەن، ئەمە دیسان دژیەکە لەگەڵ پاساوی ئایینی. کەواتا بۆ تاکە بریکار ئیسلامیین و بۆخۆیان “کافرانیین”، ڕاستتر، نا ئایینین!

پێشکەوتنی نەریتی پێدانی قەرز کاریگەری ئەرێنی لەسەر ناوبانگی حوکمەت هەیە”

لە لایەکی دیکە، قەرز پەرەدانە بە لایەنی رەوشتی پیشەیی بەنکەکان. بەو کارە پیشەییە هەم پابەندی بۆ خۆیان پەرەپێدەدەن و هەمیش جۆرێک لە زوڵاڵیی و لەوەش گرنگتر بەهێزترکردنی دڵسۆزیی و پابەندییە بۆ حکومەت و قەوارەی سیاسیی. کەواتا لێرە دەرکەوت بانکەکان وێڕای سوودمەندبوونیان لە قەرزی درێژخایەن و بەکارهێنانی پارەی بریکارەکانیان، هیچ سوودێکی وەهایان بۆیان نیە، تەنانەت ریپۆرتی دارایی مانگەکانیشیان بە پارە پێدەدەن. ئەمە وێڕای ئەوەی لە ڕووی کاری بانکی ئۆنلاین و سەرهێڵ زۆر لە دواوەن.

خزمەتگوزارییە بەنکییەکان لە هەرێم لەسەر ئەستۆی بریکارەکانە”

ئەوەشمان لە یاد نەچێت بەشێکی بەرچاوی پێشکەوتنی سیستەمی دارایی و کاری بەنکی پەیوەستە بە مامەڵە و ئۆفەر و خزمەتگوزاری بەنکی. ناکرێت هەرچی خزمەتگوزارییە لەسەر حیسابی گیرفانی بەکارهێنەر بێت و بە جۆرێک لە جۆرەکان رووتاندنەوەی بریکارە نەک خزمەتگوزاریی و ئۆفەرپێدان. ئەمە دەرخەری چەند رەهەندێکە دەکرێت نەبوونی متمانەی بەنکەکان بێت بە گشتی، لە کاتێک خۆیان نەبوونەتە جێی متمانە، سەرەڕای ئەوەشی دەکرێت نەبوونی متمانە بێت بە حکومەت و دامەزراوەکان، یان سەقامگیریی دارایی و ئابووری. لە وڵاتانی ڕۆژئاوا قەرزی هاوتەمەن و درێژخایەن دەدرێتە هاووڵاتیان و مانگانە بڕێکی کەم لە داهاتیان گلدەدرێتەوە، لە لایەک هاووڵاتیان سوودمەند دەبن و دەبنە هۆکاری بوژانەوەی ئابووری وڵات، لە لایەکی دیکە حکومەت هاوکاری بەنکەکان دەکات و لەو رێیەش سەقامگیریی ئابووری و متمانەی هاووڵاتیان بەدەست دەهێنێت.

بەنکەکان دەتوانن رۆشنبیریی دارایی و بەنکیی پەرەپێبدەن”

بەشێکی گرنگی پرۆسەی قەرز ئەوەیە  دەتوانێت هاندەری هاووڵاتیان بێت بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ دامەزراوە داراییەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی خوێندەواری یان رۆشنبیریی دارایی و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییەکان. کە بەداخەوە لە کوردستان چەند قۆناغێک بە بەراورد بە ئێراق پاشەگەردانێ هەیە، کە دەکرێت پەیوەندی بە رۆشنبیری گشتی لە لایەک و، تێکەڵکردنی پرسەکە بە سیاسەت لە لایەکی دیکە، هەبێت.

“حکومەت دەتوانێت بە هەموواری یاسایی پاڵپشت بێت بۆ بەنکەکان

“دەبێت بەنکەکان چاودێری بکرێن

بێجگە لەوەش، حکومەت دەتوانێت کارا بێت لە برەودان بە تونستی دارایی بەنکەکان، بە رێگە خۆشکردنی یاسایی و کارگێڕیی و ئاراستەکردنیان لەو قۆناغەی هەیە بەرەو ئاسۆیەکی ڕوونتر. واتا دەتواندرێت هاندان هەبێت، رێنمایی هاوچەرخ دەربکرێن، یاساکان هەمووار بکرێنەوە، گرنگی بە بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری بەنکی و دارایی بدرێت. ئەمە وێڕای چاودێری کردنی بەنکەکان نەبادا بازاڕ قۆرخ بکەن و بریکارەکان بڕووتێننەوە.

“پەیوەندی نێوان بەنک و هاووڵاتیان تەنیا مامەڵەی دارایی نیە، بەڵکو مامەڵەیەکی پیشەیی و کارگێڕیشە.”

بە کورتی، قەرزی بەنکی و دڵسۆزی و پابەندیی  هاوڵاتیان بۆ حکومڕانی و حکومەت، دوانەی لێکدانەبڕاون. پەیوەندی نێوان هاووڵاتیان و بەنکەکان تەنیا خۆی لە مامەڵەی بەنکی نابینێتەوە، بەڵکو مامەڵە و پەیوەندییەکی ڕەوشتی و پیشەییە؛ مامەڵەیەکە لەسەر بنچینەی متمانە دەکرێت پەڕەی پێبدرێت، یانیش وەکو چۆن ئێستا هەیە، بێمتمانەیی دروست دەکات، خەڵک لە بری ئەوەی پارەکانیان بخەنە بەنکەکان، هەڵی دەگرن و بازاڕ کەمی نەختینە و پارەی ئاوڵوگۆرکراو و دەستاودەستکراوی کەم دەبێت. لە کاتێکدا قەرز دەتوانێت ئامرازێکی بەهێز بێت لە داڕشتنی ڕەفتاری بەکاربەران، بەڵام زۆر گرنگە بە وریاییەوە بەکاربهێبدرێت. هاوکات گرنگە لە پرۆسەکە جەخت لەسەر زوڵاڵیی و پاراستنی بەرژەوەندی بریکار و بەکاربەر بکرێتەوە. واتا دروستکردنی هاوسەنگی بێت لە نێوان بەدەسهێنانی دڵسۆزی هاووڵاتیان و بریکارەکان و پاراستنی خۆشگوزەرانی دارایی تاکەکان، کە کلیلی سەرکەوتن و زاڵبوونە بەسەر بارە سەختە داراییەکان.

 

چاوی کورد