هەواڵی کوردستان ئێستا

ئێران: ئەی ئێستا؟ پرۆسێسی دابەزین بەرەو دۆزەخ!

ئێران: ئەی ئێستا؟ پرۆسێسی دابەزین بەرەو دۆزەخ!
د. عادل باخەوان

یەکەم: لە کۆتاییدا ئەوەی سەرۆک وەزیرانە توندڕەوەکەی ئیسرائیل ویستی و خەونی پێوە دەبینی، ئایەتوڵلاکانی ئێران وەک دیارییەکی مێژوویی پێیان بەخشی و بە سەدان مووشەکی ئیپێرسۆنیکەوە پەلاماری ئیسرائیلیان دا.

دووەم: ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئوردن، هاوکاریی ئیسرائیلیان کرد و مووشەکەکانیان تێک شکاند؛ تاکە ئیسرائیلییەکیش، لە تۆڵەی نەسروڵلا، هەنییە و ڕەئیسدا نەکوژرا، ئەوەی کوژرا تەنها فەڵەستینییەک بوو!

سێیەم: ئەوەی ئێران کردی، بە دڵنیاییەوە لای بەرەی مقاوەمە لە عێراق، لوبنان، سووریا، یەمەن و فەڵەستیندا سەرمایە ڕەمزییەکەی بەرزدەکاتەوە و میسداقییەتی پێ دەبەخشێتەوە.

چوارەم: بەڵام ئەو بژاردەیە بە هیچ شێوەیەک عەقڵانی نەبوو! لەگەڵ جەنەراڵێکی ئەورووپیدا، لەسەر کەناڵێکی فەرەنسی بووم. ئەو دەیگوت: بڕیارێکی سەد لە سەد عاتیفی بووە و وادیارە ئایەتوڵلاکان هیچ لەو کۆنتێکستە جیهانییە نوێیە تێنەگەیشتوون کە هاتووەتە ئاراوە.

پێنجەم: ئێران، شانسی ئەوەی لە بەر دەستدا بوو کە بەڕەکە لەژێرپێی بنیامین ناتەنیاهۆ دەربێنێت و لەبری پەلاماردانێکی بێسوود، بەڵام یەکجار مەترسیدار بۆ خۆی، ئەمەریکا و ئەورووپا ڕابکێشێتە سەر مێزی دانوستان و خۆی وەک هێزێکی گەورەی هاوسەنگی بە جیهان بناسێنێت و دانوستان لەسەر ڕزگارکردنی ڕژێمەکەی و دامەزارەوە ئەتۆمییەکانی بکات؛ بەڵام ئێران ئەمەی نەکرد!

شەشەم: ڕژێمی ئایەتوڵلاکان تەواو هۆشیارە بەوەی، ئەمەریکا خەون بە لەناوچوونییەوە دەبینێت، ئەوروپا خەون بە لەناوچوونییەوە دەبینێت، وڵاتانی عەرەبی خەون بە لەناوچوونیەوە دەبینن، تورکیا خەون بە لەناوچوونییەوە دەبینێت، ئیسرائیل خەون بە لەناوچوونییەوە دەبینێت و و لەوەش زیاتر گەلانی ئێران خەون بە لەناوچوونیەوە دەبینن و هەموویان بەدوای ساتەوەختێک و بیانوویەکی گەورەدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بەشداریی لە ئامادەکردنی هەلومەرجی لەناوچوونیدا بکەن.

حەوتەم: ئایەتوڵلاکان، نەیانتوانی وەک خومەینی پەرداخە ژەهرەکە بخۆنەوە کاتێک کە دانوستانی لەگەڵ سەدام حوسەیندا هەڵبژارد و وڵاتەکەی لە کارەسات ڕزگار کرد. ئەمان بەپێچەوانەوە، کۆماری ئیسلامییان ڕووبەڕووی گەورەترین مەترسی کردووەتەوە.

هەشتەم: ئەی ئێستا؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ئایەتوڵاکان بە ئیسرائیل دەڵێن: با لێرەدا بوەستین! ئیتر بەسە و پەلامارمان مەدە، ئەگەرنا، پەلامارت دەدەینەوە. لە ڕاستیدا هاوکێشەکە بە هیچ شێوەیەک لێرەدا ڕاناوەستێت.

نۆیەم: ئیسرائیل خۆی بۆ پەلاماردانێکی یەکجار بێوێنە و بێپێشینە ئامادە دەکات کە بە هیچ شێوەیەک لەوەی پێشووتری ناچێت. ئەم وەڵامەیشی بە کۆمەکی ڕاستەوخۆی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا دەبێت. زۆربەی زۆری ئەو ناوەندە تایبەتمەندانەی کە من قسەیان لەگەڵ دەکەم بەدووری نازانن، هەروەک چۆن داگیرکردنی کوەیت سەرەتای ئاوابوونی خۆری سەدام حوسێن بوو، ئاواش ئەم پەلامارە نوێیەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، سەرەتایەکی یەکجار بەهێزی کۆتایی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت. واتە سەرەتای پرۆسێسێکی دابەزینە بەرەو دۆزەخ!

دەیەم: من یەکێک بووم لەوانەی کە پێم وابوو لەنێو هەموو بژاردەکاندا، ئایەتوڵلاکان لە کۆتاییدا عەقڵی ساردی دەوڵەت هەڵدەبژێرن، بەڵام وا دەرنەچوو، ئەوان لەژێر کارایی هەست و سۆز و تا ڕادەیەکیش ئایدۆلۆژیادا، پێچەوانەی ئەمنی قەومی ڕژێمەکەیان بڕیاریان دا و کەوتنە "داوەکەی" پیاوە توندڕەوەکەی تەلئەڤیڤەوە. ئێستا دەبێت بزانن: هەرگیز دنیای پێش 1ی ئۆکتۆبەر وەک دنیای پاش 1ی ئۆکتۆبەر نییە.

یانزەهەم: هەر بۆ بیرهێنانەوە، هەمیشە گوتوومە: عەقڵانیترین سیاسی، دەکرێت لە ساتەوەختێکدا ئەحمەقترین بڕیار بدات کە بە مەرگی جەستەیی یان ڕەمزیی خۆی کۆتایی پێبێت. ڕەنگە ئەمە یەکێک بێت لەو ساتەوەختانە.