هەواڵی کوردستان ئێستا

یادێكی چوار سه‌ركرده‌ و ئه‌فسه‌ری شه‌هید و كچه‌كه‌ی بكوژیان

یادێكی چوار سه‌ركرده‌ و ئه‌فسه‌ری شه‌هید و كچه‌كه‌ی بكوژیان
شەفەق نیوز

19 حوزه‌یرانی 1947 چوار سه‌ركرده‌ی پارتی دیموكراتی كورد و ئه‌فسه‌ری كۆماری دیموكراتی كوردستان عزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز، مسته‌فا خۆشناو، خه‌یروڵلا عه‌بدولكه‌ریم و محه‌مه‌د قودسی.‌ له‌ شاری به‌غدا له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كه‌ی محه‌مه‌د ساڵح جه‌بر زه‌یدی (1896 ـ 1957) له‌ سێداره‌ دران. خوێنه‌ر له‌ خۆی ده‌پرسی جا ئه‌وه‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌یزانێ. 

ساڵی 1973 من میر منداڵێكی 15 ساڵه‌ بووم، ماڵمان له‌ چۆمان و خوێندنمان له‌ شاره‌دێ گه‌ڵاڵه‌ سه‌ر به‌ ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی بوو. دوو ماڵه‌ عه‌ره‌بی شیعه‌ لای سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان میوان بوون. عه‌قیدیك خه‌ڵكی ناسریه‌ و كچه‌كه‌ی به‌ ناوی ته‌هلیل له‌ پشت گۆڕستانی چۆمان، ئافره‌تێك له‌گه‌ڵ حه‌وت هه‌شت كچ و كوڕی  له‌ خانۆێكی قۆڕی دوو ژووری له‌ نزیك كارگه‌ی چاك كردنی چه‌ك له‌ چۆمان ده‌ژیان. ده‌گوترا ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ حزبی (فاطمي) شیعه‌ن. به‌شداری كودێتای سه‌رنه‌كه‌وتووی (لواء الركن عبدالغني محمد سعید الراوي) (1919 ـ 2011) كردووه‌. 

ژنه‌كه‌ ناوی سه‌عدیه‌ محه‌مه‌د ساڵح جه‌بر زه‌یدی (1929 ـ 1996) بوو، ده‌یگوت دایك سونه‌ی فه‌لوجه‌یه‌. ژنێكی ده‌ست سپی و داماو بوو. دوای ئه‌وه‌ی له‌ بواری مێژووم خوێند هه‌ندی سه‌ره‌ داوی ئه‌م كودێتایه‌، كه‌ به‌ پشتگیری شانشینی ئێران و شانشینی ئوردن به‌ ئه‌نجام ده‌گه‌یشت، له‌لام ڕوون بوو. مێرده‌كه‌ی به‌ ناوی دكتۆر حه‌سه‌ن حسێن خه‌فاف له‌ به‌شدارانی كودێتا بووه‌، به‌ڵام له‌ مانگی ئاخیر له‌ ڕێ جواد كاظم وه‌زیری پلانی عێراق و له‌ سه‌ركرده‌كانی حزبی به‌عس، كه‌ كوڕه‌ پوری بووه‌ گشت پیلانه‌كه‌ بۆ سه‌دام حسێن ئاشكرا ده‌كا، به‌ڵام سه‌دام له‌ باتی سوپاس له‌ سێداره‌ی ده‌دا و جواد كاظم له‌ كار سڕ ده‌كا. زۆربه‌ی به‌شداران ده‌گیرین و له‌ سێداره‌ ده‌درێن، ژن و منداڵیشی له‌ ترس په‌نا ده‌به‌نه‌ ناوچه‌ ئازاد كراوه‌كانی كوردستان. له‌ ڕاستیدا كابرای عه‌قید ئه‌وانی ڕزگار كردبوو.

ئه‌وه‌ی جێ سه‌ره‌نجه‌ ئێمه‌ له‌ قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی گه‌ڵاڵه‌ ده‌مان خوێند، مامۆستاێكی زانستمان هه‌بوو به‌ ناوی مامۆستا عومه‌ر شه‌مه‌یی، له‌ كادیرانی كاژیك (له‌ ساڵی 1991 زانیم ئه‌م مامۆستایه‌ كاژیك بووه‌). هه‌وڵی ده‌دا بێجگه‌ له‌ وانه‌ی فیزیا، هه‌ندی بابه‌تی كوردایه‌تیمان فێر بكا، له‌ كۆتایی وانه‌ێكی باسی ساڵح جه‌بر سه‌رۆك وه‌زیرانی ساڵانی 1947 ـ 1948ی شانشینی عێراقی كرد، كه‌ هه‌ستاوه‌ به‌ له‌ سێداره‌ دانی چوار ئه‌فسه‌ری كورد، به‌ند كردنی شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان و هه‌ڤاڵانی و ئاواره‌ی بوونی مسته‌فا بارزانی و 500 پێشمه‌رگه‌ بۆ یه‌كێتی سۆڤیتی بۆ كردین. به‌ڵام مامۆستا ئاگادار نه‌بوو، كه‌ نه‌وه‌ی ناوبراو له‌ قوتابخانه‌كه‌مان ده‌خوێنی. من گۆی بیستی ئه‌وه‌ ببووم سه‌عدیه‌ خان باوكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بووه‌، له‌ باره‌گای بارزانیش موچه‌ و ئازوقه‌یان بۆ ده‌هات، خوا هه‌ڵناگرێ زۆر ئافره‌تێكی خاكی و دڵساف بوو. هه‌ر بوویه‌ش قسه‌م له‌گه‌ڵ قوتابیانی چۆمان كرد، پلانه‌كه‌ش ئه‌وه‌ بوو به‌ شوفیرمان بڵێن ئێمه‌ نیوه‌ڕۆ ناگه‌ڕێنه‌وه‌ چۆمان. بۆ ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ به‌ ناچاری به‌ پێ بگه‌ڕێته‌وه‌ چۆمان و چونكه‌ زۆر ترسنۆكێش بوو باس ورچی دڕنده‌ و گورگمان بۆ ده‌كرد هه‌ر زه‌نده‌قی چوو بوو، كوڕه‌م تێگه‌یاند ئۆتۆمبیلمان تێكچووه‌ و به‌ نێو سه‌عه‌ت ده‌گه‌ینه‌ چۆمان به‌‌ پێ بردمانه‌‌ پردی گه‌ڵاڵه‌، كه‌ ئه‌و كات زۆر ئاوه‌دان بوو و به‌ غاردان كه‌وتینه‌ ڕێ. ئه‌ویش زۆر ده‌گریا. به‌ڵام شانسی ئه‌و له‌دوای ده‌مژمێرێك لاندلوڤه‌رێك له‌ گوندی كه‌ورتی سواری ده‌كا و ده‌یباته‌ چۆمان. براده‌ره‌كانم لوریكیان ده‌ست ده‌كه‌وێ و زوو ده‌گه‌نه‌ چۆمان و ئۆباڵی هه‌موو كاره‌كه‌یان خسته‌ ئه‌ستووی من. منیش ئێواره‌ گه‌یشتمه‌ ماڵ هه‌ر له‌ دوور باوكم هه‌ڕه‌شه‌ی لێكردم، له‌ ترسی ئه‌و خۆم چوومه‌ ماڵه‌ خزمێك شه‌و باوكم هاته‌ لام و لێ پرسیم بۆ وات كرد له‌گه‌ڵ ئه‌م كوڕه‌ داماوه، تۆ ده‌زانی ئه‌م خێزانه‌ په‌نابه‌رن لای ئێمه‌‌؟ پێم گوت : له‌ توڵه‌ی چوار ئه‌فسه‌ری شه‌هیدمان ئازاری نه‌وه‌ی ئه‌و زاڵمه‌م دا. ئه‌ویش فه‌رمووی : بڕوانه‌ كوڕم دنیا ده‌وران ده‌ورانه‌، باپیری زوڵمی له‌ كوردی كرد، ئێستا كچه‌كه‌ی منه‌تباری كورده‌، تۆ به‌ كاری باش هه‌وڵی كوردایه‌تی بده‌ نه‌ك به‌ كاردانه‌وه‌. خوێنه‌ری به‌ڕێز ئا لێره‌ له‌م گێڕانه‌وه‌یه‌ باس له‌ بوونی كچ و نه‌وه‌كانی محه‌مه‌د ساڵح جه‌بر سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وه‌ك په‌نابه‌ر له‌ باڵه‌كایه‌تی ده‌كه‌م. ئه‌وان تا ساڵی 1975 له‌ كوردستان مانه‌وه‌ و به‌ هاوكاری كورد و سه‌عد خاڵیان وه‌ك په‌نابه‌ر ڕوویان كرده بریتانیا.